لە نەینەوا گۆڕێکى بەکۆمەڵی دەستى چەتەکانى داعش هەڵدرایەوە
ئەمڕۆ لە گۆڕستانی خەسفەى موسڵ لەلایەن تیمێکى شارەزاوە گۆڕێکى بەکۆمەڵ هەڵدرایەوە، کە تەرمى چەند قوربانییەکى دەستى چەتەکانی داعشی تێدا بوو، دواى دەرهێنانەوەی ڕووفاتی ئەو هاوڵاتیانە ڕەوانەى بەغداد دەکرێن، بۆ ئەوەى پشکنینی دى ئێن ئەیان بۆ ئەنجام بدرێت.

ناوەندی هەواڵ
دواى ئەوەى چەتەکانى داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێکى خاکى عێراقی داگیرکرد و چووە ناو شنگالەوە سەدان کەسى كۆمەڵكوژكرد و ئاوارە کرد، هەروەها سەدان ژن و منداڵی ئێزدی دیکەى گواستەوە بۆ موسڵ و سووریا و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکردن.
میدیا عێراقییەکان سەبارەت بە هەڵدانەوەى گۆڕێكی بە كۆمەڵی دەستى چەتەکانی داعش لە پارێزگاى نەینەوا ڕایانگەیاند، بەیانى ئەمڕۆ ١٧ی ئاب، تیمێکى تایبەت لە گۆڕستانی خەسفەى موسڵ، گۆڕێکیان هەڵدایەوە، کە تەرمى چەند قوربانییەكی دەستى چەتەکانی داعش تێدا بووە، هەروەها، ئەو گۆڕە بە یەکێک لە گەورەترین گۆڕە بەکۆمەڵەکان دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێدەچێت قوربانییانی ناو گۆڕەكە هاوڵاتیانی ئێزدی بن و لەلایەن چەتەكانی داعشەوە كۆمەڵكوژكراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دواى دەرهێنانەوەی ڕووفاتی ئەو هاوڵاتیانە ڕەوانەى بەغداد دەکرێن، بۆ ئەوەى پشکنینی دى ئێن ئـینیان بۆ ئەنجام بدرێت و بناسرێنەوە.