لە مەنبج منداڵێکی کچ لەلایەن چەتەکانەوە دەستدرێژی کراوەتە سەرو شەڕو پێکدادان ڕوویداوە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە مەنبج هێرشیان کردە سەر منداڵێکی کچی تەمەن ٧ ساڵ، هۆزە عەرەبەکان ڕاپەریون و ئەو ململانێیانەی دوای ڕووداوەکە لەنێوان عەشیرەتە عەرەبەکان و چەتەکان دەستیپێکرد بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

 دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، هێرشەکانیان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد کردووە، لە مەنبج کە زۆربەی کوردەکان ڕۆیشتوون، چەتەکان بەردەوامن لە تاڵانکردنی ماڵی خەڵکی عەرەب و ڕفاندن و کوشتنی خەڵک.

 

دوای ئەوەی چەتەکانی سەر بە سوپای پاسەوانی سووریا "SMO" منداڵێکی کچی تەمەن ٧ ساڵیان ڕفاند و هێرشیان کردە سەر، شەڕێکی توند لەنێوان هۆزەکان و چەتەکانی ئەل-ئەمشات ڕوویدا، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە گروپی ئەل-ئەمشات و عەشیرەتی ئەل-بۆبان لە ئەنجامی هێرشی چەتەکان شەڕ لە نێوانییان ڕوویداوە و لە هەردوولاش زیانی گیانی هەبووە، پێکهاتەی عەرەبی لە ناوچەکە کاردانەوەیان هەبوو لە دژی ئەوەی چەتەکان دەیکەن و گرژییەکان زۆر بوون، دوای ڕفاندنی ئەو منداڵەو دەرکەوتنی دەستدرێژیکردنە سەری، ناوبەناو پێکدادان ڕوویداوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە کوژراو و بریندارەکان بەدەست نەهاتووە.

 

چەتەکان خەڵک دەڕفێنن و دەیکوژن

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، ئەو گروپە چەکدارانەی کە بەشدارییان لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییدا کردووە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک لە نزیک ندنگەیەک لە مەنبج گەنجێکیان دەستگیرکردووە و بردوویانە بۆ سەر ڕێگای جزیرە و تەقەیان لێکردووە، بەپێی زانیارییەکان، ئەو گروپەی سەر بە سوپای پاسەوانی سووریا بەردەوامن لە ڕفاندن و کوشتنی خەڵک.

 

خاوەنی ماڵەکە بە سێ گولـلە کوژراوە

زاندرا کەسێک لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی ئەلسەرب لە مەنبج تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە، ئەو چەتانەی کە دەوڵەتی تورکیا پاڵپشتییان دەکرد، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک لە نزیک خوێندنگەی قەسر بەنات عەرەب، ململانێیەک لەنێوان ئەو گروپە و کۆمەڵگەی عەرەبدا دروستبووە و کاردانەوەیان بەرامبەر هەڵکوتانە سەر ماڵەکان و دزیکردنەکان هەبووە، ئەو گروپانەی بەهۆی دزییەوە چوونەتە ماڵێک، لەنێوان خاوەن ماڵە عەرەبەکە، حەلیا عەبۆ و چەتەکان شەڕ هەڵگیرساوە و چەتەکان سێ گولـلەیان پێوەناوەو کوشتوویانە.

 

خەڵک بە زۆر لە شوێنی خۆیان دەردەکەن

چەتەکانی سەر بە سوپای پاسەوانی سووریا  کە لە ژێر ناوی 'سەربازانی پۆلیس' ڕێکخراون، لەو کاتەوەی کە کۆنترۆڵی مەنبجیان کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنییان لە سێدارە داوە، ئەو چەتانە ماڵی عەرەب و تورکمان و کورد دەکەنە ئامانج، هەروەها بە بیانووی ئەوەی هاوکاری ئەنجومەنی سەربازی مەنبجیان کردووە، خەڵکێکی زۆر لە شوێنی خۆیان دەردەکەن.