لە مهاباد پێشانگایەکی وێنەیی تیشک دەخاتە سەر تاوانەکانی جەنگی کیمیایی

پێشانگای "برینە بێدەنگەکان" لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئازارەکانی ڕزگاربووانی کیمیابارانی سەردەشت لە ساڵی ١٩٨٧، لە ڕێگەی ٢١ وێنەی بەڵگەنامەییەوە کە لەلایەن شیلان مەلیک، فۆتۆگرافەرەوە گیراوە.

نیان راد

 

مهاباد- ژنێکی بەتەمەن کە سەرپۆشێکی سپی لەسەردایە، بە دەستی لەرزۆکەوە ئاماژە بە برینداری ملی دەکات، کە شوێنەواری سووتانی گازی خەردەل لێ دیارە، برینێکی قووڵە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٨ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک لە کاتی کیمیابارانی سەردەشت بۆ پاراستنی دوو منداڵەکەی خۆی فڕێدایە سەر مووشکەکە، یەکێکیانی ڕزگار کرد، بەڵام ئەوی تریانی لەدەستدا.

 

سیماکانی دەموچاوی تێکەڵەیەک لە شانازی دایکی و خەمێکی بێ کات لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا پالێتی ڕەش و سپی کوالیتییەکی بەردەوامی بە وێنەکە دەبەخشێت، هەروەها ساتەوەختی قوربانیدان بەڵگەدار دەکات، کە بەرجەستەکردنی هاواری بێدەنگی ئەو دایکانەیە کە جیهان وەک قوربانی ڕاستەقینەی شەڕی کیمیایی دەیانبینێت.

 

ئەم چیرۆکە یەکێک لە وێنەکانی پێشانگای فۆتۆگرافی "برینە بێدەنگەکان"ڕين دەکاتەوە، کە لە شاری مهاباد بەڕێوەچووە، ئەم پێشانگایە کە یەکەمین نمایشی تاکەکەسی شیلان مەلیک، فۆتۆگرافەرە، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئازارەکانی ڕزگاربووانی گازی خەردەل و سەرنج بۆ برینێکی تەمەن ٣٨ ساڵ لە یادەوەری بەکۆمەڵی گەلی کورددا ڕادەکێشێت، هەروەها کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت بە بیر دەهێنێتەوە، وە ئەم پێشانگایە لە سینەمای جاوان لە شاری مهاباد بەڕێوە دەچێت.

 

پێشانگاکە کە ٢١ وێنەی تێدایە و لە ٨ تا ١٢ی تشرینی دووەم کراوە دەبێت بۆ گشتیی، هەروەها شیلان مەلەک، کە لە زانکۆی تاران فۆتۆگرافی خوێندووە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەرچوونیدا ئەم بەرهەمانەی دروست کردووە، بە ئامانجی ڕۆشنکردنەوەی ئەم برینە لەبیرکراوە.

 

سەبارەت بە ئامانجەکەی، وتی: لە تاران، تێبینیم کرد کە هاوڵاتیان لەبارەی شارەکانی وەک مهاباد کە زێدی منە نازانن، هەر بۆیە، بڕیارمدا تیشک بخەمە سەر مێژووی گەلەکەم لە شارەکانی وەک سەردەشت، کە زیاتر تەمومژاوی بووە، ویستم کەسانی دیکە بەو ئازارە ئاشنا بکەم کە بەهۆی کیمیابارانەوە دروست بووە، تەنانەت ئەگەر تەنها چەند کەسێکیش بزانن، بۆ من، ئەوە هەنگاوێک بوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی ئەم بۆنەیە دوای ٣٨ ساڵ، پێدەچوو کە کەس گرنگی بەم برینە نەدات و ئەوەش پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی ئەم پێشانگایە لەم شوێنە تایبەتەدا ئەنجام بدەم.

 

دوای زیاتر لە شەش مانگ لە کارکردن لەسەر وێنە و گێڕانەوەکان، شیلان مەلیک، ڕوونیکردەوە، کە ژمارەی ئەو وێنە و چیرۆکانەی کە بەڵگەی لەسەر کردووە لەو ژمارەیە زیاترە کە ئێستا لە نمایشی گشتیدایە، بەڵام لە نمایشکردنی بەشێک لە کارەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەبوو، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بووەوە، وتی: ئەو ژنانەی کە شوێنەواری سووتاوی و برینەکانیان هەڵگرتبوو زۆرجار ڕەتیانکردەوە لەبەردەم کامێرادا دەرکەون و هەندێک وێنەی وەک ئەو وێنەیەی کە پەڵەی سنگی ژنێک پیشان دەدات بگرن، بە سادەیی بۆ نمایشکردنی گشتی گونجاو نەبوون.

 

ئەو کارەکانی بە تەواوی بە بەڵگەنامەیی پێناسە کردووە، بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هەڵبژاردنی وێنە ڕەش و سپییەکانی بە مەبەستی تیشک خستنە سەر ئەو هەستە قووڵانەیە کە دەیگەیەنن، بەتایبەتی هەستی "خەمباری و ئازار".

 

هەریەک لە ٢١ وێنەی ئەم پێشانگایە چیرۆکێکی پڕ لە ئازار دەگێڕێتەوە کە لە ٧ی تەمووزی ١٩٨٧ دەستی پێکردووە، کە مووشەکی کیمیایی بە فەرمانی سەدام حوسێن و ڕژێمی بەعس چوار شوێنی قەرەباڵغی شاری سەردەشتیان کردە ئامانج و ١١٩ کەس کوژران و زیاتر لە ٨ هەزار کەسی دیکەش بە گازی ژەهراوی بریندار بوون، زۆرێک لە ڕزگاربووان تا ئەمڕۆش بەدەست ئاڵۆزییەکانەوە دەناڵێنن کە لە ئەنجامی گازی خەردەلەوە دروست دەبن، ئەمەش وایکردووە ئەم تاوانە ببێتە یەکێک لە پێشێلکارییە جیهانییە پێشەنگەکانی دژی مرۆڤایەتی.