لە مەغریب تۆڕی خوێندنەوە هانی گەنجان دەدات بۆ خوێندنەوەی پەرتوک
لە مەغریب، تۆڕی خوێندنەوە ئامانجی هاندانی گەنجانە بۆ خوێندنەوەی پەرتوک و خستنە بواری جێبەجێکردنی سەرچاوە کەسی و کۆمەڵایەتییەکانیان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەڕووی خۆشگوزەرانی مرۆیی و ئابوورییەوە.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250208-jpg3c64e3-image.jpg)
ڕەجا خەیرات
مەغریب -تۆڕی خوێندنەوە لە مەغریب هەوڵێکە بۆ هاندانی گەنجان بۆ خوێندنەوە، لە مەغریب هەرچەندە ڕێژەی خوێندەواری بە هۆکاری جۆراوجۆر کەمە، ئەم هەوڵە ماوەی ١١ ساڵە ڕێژەی خوێندەواری زیاد دەکات.
نەجییە موختاری، ئەندامی فەرمانگەی نیشتمانیی تۆڕی خوێندنەوە لە مەغریب، ڕوونیکردوە "تۆڕی خوێندنەوە لە مەغریب" لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە خوێندنەوە ببێتە ئەزموونێکی فێرکاری ڕۆژانە لەنێو خەڵکی مەغریب، نەجییە موختاری وتی کە لەو چوارچێوەیەدا، تۆڕەکە هەوڵدەدات هەمووان هان بدات بۆ خوێندنەوە، هەموو دەرفەتێکی کەسی و کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی کۆدەکاتەوە بۆ زیادکردنی ستراتیژی خوێندنەوە لە نێو خەڵکدا.
بەرنامەی "کاروانی خوێندنەوە"
بە تایبەتی کە لە گوندەکاندا پەرتوکخانەی خوێندنگە و دامەزراوەی پەروەردەیی نییە و پێویستی بە پەرتوک زۆرە، تۆڕەکە بەرنامەیەکی بەناوی "کاروانەکانی خوێندنەوە" دەستپێکردووە، ئەم هەوڵە نەک هەر کتێب بۆ کتێبخانەی پۆلەکان لە هەندێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکان دابین دەکات، بەڵکو هانی خوێندکاران دەدات بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێ نیشتمانییەکانی خوێندنەوە لە ڕێگەی وۆرکشۆپی خوێندنەوە.
نەجییە موختاری ڕوونیکردەوە کە تۆڕی خوێندنەوە لە مەغریب بەشێکە لەو هێزانەی کە پاڵپشتی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن بۆ بەشداریکردن لە کاری گشتی و بنکەیەکی خوێندەوارییان لە سەرتاسەری وڵات دامەزراندووە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە خوێندنەوە هاندەری گەشەسەندنی کەسی و کۆمەڵایەتییە.
هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری خوێندنەوە لە نێو گەنجاندا
نەجییە موختاری باسی لەوەکرد کە تۆڕەکە ستراتیژی جیاواز بۆ فێربوونی خوێندنەوە لەگەڵ زۆر کەس دروست دەکات و لەسەر ئەو بنەمایە تواناکانی سەرکردایەتیکردنیان لە بواری خوێندنەوەدا پەرەپێدەدات، هەروەها بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوکراوە لەسەر خوێندنەوە و وتیشی: لەهەمانکاتدا چالاکانە بەشدارین لە پرۆگرامە پەروەردەییەکان کە لە مەغریب بەڕێوەدەچن و لە چوارچێوەی پێشبڕکێکانی پڕۆژەی پەروەردەی نیشتمانیدا خەڵاتی “دامەزراوەی ڕووناککەرەوە”مان پێبەخشرا.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە کارەکە زەحمەتە و هەروا ئاسان نییە و وتی: تۆڕەکە ستراتیژی گشتگیری داڕشتووە بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن بچنە ناو تۆڕی خوێندنەوە لە هەر کوێیەک بێت، لە ڕێگەی شێوازەکانی وەک؛ ڕێکخستنی وۆرکشۆپی خوێندنەوە، دابینکردنی پەرتوک بۆ خوێنەران، سازدانی پێشبڕکێ، و خەڵاتکردنی براوەکان لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکان، هانی خەڵک دەدەین بۆ خوێندنەوە، لە هەمانکاتیشدا ڕێنمایی پێشکەش بە خوێنەران دەکەین لە ئاستە جیاوازەکانی خوێندنەوە و فێری ڕەخنەی خوێندنەوەیان دەکەین، بۆ ئاشناکردنیان بۆ خوێندنەوەی ژانرەکان.
یانە و بەرنامەکانی خوێندن بۆ هاندانی گەنجان
لە مەغریب، تۆڕی خوێندنەوە پاڵپشتی لە دامەزراندنی یانەی خوێندنەوە دەکات و ڕێنمایی چالاکییەکانی ئەو یانانە دەکات، ئەم کارە لە ڕێگەی دامەزراوە تۆڕییەکان لە ناوچە جیاوازەکان، دامەزراوە پەروەردەییەکان، ناوەندەکانی گەنجان، ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، و لقەکانی ناو بەشەناوخۆییەکانی خوێندکاران ئەنجام دەدرێت.
تۆڕەکە چەندین بەرنامەی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات بۆ هاندانی گەنجان بۆ خوێندنەوە، بەشێک لەوانە بریتین لە "خەڵاتی نیشتمانی خوێندنەوە، کە پێشبڕکێیەکە ئامانجی خوێندکاران لەسەر هەموو ئاستەکانە، یانەکانی خوێندنەوە کە هانی گەنجان دەدەن بۆ خوێندنەوەی پەرتوک، خەڵاتی محەمەد زەفزافە کە بۆ باشترین کتێبی ڤیدیۆیی و دەنگی بەڕێوەدەچێت، هەروەها خەڵاتی نووسەرانی گەنجی ئەدەبی منداڵان کە بەرنامەیەکی خەڵاتکردنە کە سەرنجی خەڵک بۆ کەمیی ئەدەبی لە ئەدەبیاتی منداڵاندا ڕادەکێشێت و هانی نووسەران دەدات"
پەرەسەندنی زیاتری ناسنامە و خوێندنەوەی مەغریبی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا
تۆڕەکە پێداچوونەوە بە نوسینەکانی گەنجان لە وێژەی ناوخۆیی و ڕۆمان و کورتە چیرۆک و وتار و هۆنراوانەدا دەکات و هەوڵدەدات فێری چۆنیەتی هەڵبژاردنی باشترین بەرهەمەکانیان بکات.
سەبارەت بە کاریگەری تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی لەسەر فێربوون، نەجیە موختاری باسی لەوەکرد کە سەردەمی دیجیتاڵی نابێت کاریگەری نەرێنی لەسەر کولتووری فێربوون هەبێت، بە پێچەوانەوە، ئەگەر بە ژیرانە بەکاربهێنرێت، دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری و ولەکۆتاییدا وتی: ئامێری دیجیتاڵی ڕێگری لە کولتووری فێربوون ناکات، بەڵکو دەکرێت بە شێوەیەکی سودبەخشتر بە هاندان و ڕێنماییەکی دروستەوە بەکاربهێنرێت.