لە مەغریب داوای جێبەجێکردنی یاسای دژی بەبازاڕکردنی مرۆڤ دەکرێت

مامۆستایانی زانکۆ و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتی لە مەغریب داوای جێبەجێکردنی یاسای دژە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و گرنگیدانی تایبەتیان بە پاراستنی قوربانییەکان کردووە.

مەغریب

بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوانێکی زۆر گران و گەورەیە کە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەم کاریگەرییە نەک هەر کاریگەری لەسەر ئەوان هەیە، بەڵکو کاریگەریەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگا بە گشتی هەیە، بەهۆی مەترسییەوە مامۆستایانی زانکۆ و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەگەڵ سەرۆکی داواکاری گشتی مەغریب داوای جێبەجێکردنی یاسای دژ بە بازرگانیکردن بەمرۆڤ و گرنگیدانی تایبەتیان بەپاراستنی قوربانیان کرد.

 

مامۆستایانی زانکۆ و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ٢٨ی ئادار لە کۆڕێکدا بە سەرۆکایەتی کۆمیتەی ناوخۆی مافی مرۆڤ لە شاری ئەلدار ئەلبەیدا کە بە هاوکاری زانکۆی حەسەن ئەلسانی ڕێکخرابوو، لەسەر پرسی رەگەزی گفتوگۆکرا، مامۆستایان دەڵێن کۆبوونەوەکە دەرفەتێکە بۆ بەشداریکردن لەدامودەزگاکانی زانکۆ بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دیاردەی توندوتیژی ڕەگەزی و بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بەبڵاوبوونەوەیان و مەترسییەکانی، ئەم دیاردەیەش کە زۆرجار دەگاتە ئاستی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پێشێلکردنێکی مەترسیدارە لە مافەکانی ژنانی گەنج.

 

"بە تەنها ژنان نا، کۆمەڵگەش قوربانی توندوتیژین"

ئامینە بۆیاش سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەی خستەڕوو کە بەهێزکردنی ڕێوشوێنی خۆبەڕێوەبەری دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە هەراسانکردن و گێچەڵکردنی سێکسی، بۆ ئەوەی زانکۆ لە بواری زانست و مەعریفەوە نەگەڕێتەوە بۆ بواری توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، وتیشی: " لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ەوە ئەنجومەنەکە هەڵمەتێکی نەتەوەیی دەستپێکرد کە تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت بۆ ڕێگرتن لەتوندوتیژی بەرامبەر بەژنانی گەنج، چونکە ئەم دیاردەیە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و قوربانی توندوتیژی تەنیا ژن نییە بەڵکو کۆمەڵگا بەگشتییە، بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتی جیهانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لەساڵی ٢٠٢١دا ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی گەیشتووەتە ٥٠٪ ی سەرجەمی تاوانەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ و ڕێژەی دەستدرێژیکردن لەکاردا بەڕێژەی ٣٧٪ زیادیکردووە". ئامینە بۆیاش لە کۆتاییدا داوای ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دیاردانە کرد.

 

لە کۆڕەکەدا باس لە یاسای توندوتیژی دژی ژنان و سزانەدانی تاوانباران کرا

بەهەڵسەنگاندنی چوارچێوەی یاسایی ئێستای دژ بەتوندوتیژی سەر ژنان، کۆڕەکە دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای دەستدرێژی سێکسی، بە تایبەتیش یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ و یاسای سزادانیش تیشکی خستە سەر پێویستی کۆتایی پێهێنانی سزانەدان.