لە ماوەی پێنج دەیە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ٤٣ وڵاتی جیهان دابەزیوە

لە ڕاپۆرتێکی نوێی گرینگدا، ناوەندی نێودەوڵەتی ئایدیا"ی بۆ لێکۆڵینەوە، دابەزینی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیهاندا لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١١ی ئەیلوول، ناوەندی "نێودەوڵەتی ئایدیا" بۆ لێکۆڵینەوە کە بنکەکەی لە ستۆکهۆڵمە، ڕاپۆرتێکی پێوەرێکی نوێی سەبارەت بە دۆخی دیموکراتی جیهانی بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتەکە دابەزینی بێ وێنەی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا ئاشکرا کرد، کە گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دەیان ساڵدا، کە ئەمەش نیشاندەرێکی نیگەرانکەرە کە ڕەنگدانەوەی ناسکی ئازادیەکانی ڕاگەیاندن و دابەزینی دیموکراتییە.

 

ئەو ناوەندە دووپاتیکردەوە کە زیاتر لە نیوەی جیهان "٥٤%" لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٤ دابەزینی پێنج پێوەرە سەرەکییەکانی دیموکراتییان بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بە پێشەنگایەتی دابەزینی بەرچاوی ئازادی ڕاگەیاندن بووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە: کە دابەزینەکە کاریگەری لەسەر ٤٣ وڵات لە سەرانسەری کیشوەرە جیاوازەکان هەبووە، لەنێویاندا ٣٠ وڵاتی ئەفریقا و ئەوروپا، کە ئەمەش بەهۆی تێکەڵاوی دەستوەردانی توندی حکومەت و کاریگەری زانیاری هەڵە و نەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆییە کە پشتیوانی لە گفتوگۆی دیموکراتی دەکەن.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەفغانستان، بورکینافاسۆ و بۆرما لەو وڵاتانەدان کە زۆرترین دابەزینی پێوەرەکانی دیموکراتییان بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لە ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، هەروەها کۆریای باشوور دابەزینێکی بەرچاوی لەم بوارەدا تۆمار کردووە، لە ئەنجامی دادگاییکردنی ناوزڕاندن و هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان.

 

ناوەندەکە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەندێک لەو پێشهاتانەی کە هاوڕێی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بوون لەم ساڵدا، هۆشداریشی دا لە کاریگەریە ئەگەرییەکانیان لەسەر دیمەنی دیموکراتی جیهانی.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە کردنە ئامانجی ڕاستەوخۆی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان لە هەمان کاتدا ڕووماڵی شەڕی بەردەوامی هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس دەکەن.

 

هەرچەندە ڕاپۆرتەکە باس لە دابەزینی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان کردووە، بەڵام ڕۆشنایی نەخستۆتە سەر ئەو پێشێلکارییە ڕاستەوخۆیانەی کە کاریگەرییان لەسەر ڕۆژنامەنووسان هەیە، دیارترینیان تورکیایە کە بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە چوارچێوەی خاکی خۆی و لە وڵاتانی دراوسێ، لەوانەش سوریا و تورکیا کە هەڵمەتی سەرکوتگەرانەی بەربڵاوی دژی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ دەستپێکردوە، لەوانە داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و دادگاییکردن بە تۆمەتی "تیرۆر"، هەروەها ئەمەش بووەتە هۆی هەڕەشە و چاودێری بەردەوامی ڕاگەیاندنەکان، کە ئەمەش وایکردوە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان وڵات بەجێبهێڵن و بەدوای ژینگەیەکی سەلامەتتردا بگەڕێن کە پیشەکەیان تێدا پراکتیزە بکەن.

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک پەیامنێرانی بێ سنوور و هیومان ڕایتس وۆچ تاوانباری ئەو پێشێلکاریانەیان کردووە، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی قوڵی دەربڕیوە و داوای ڕێزگرتن لە مافی ڕۆژنامەنووسان و دڵنیابوون لە سەلامەتییان دەکات لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا.