لە ماوەی دوو ساڵ و ٦ مانگدا ٨٤٠ ژن لە ئەفغانستان توندوتیژییان بەرامبەر کراوە

ڕێکخراوی "أفغان ويتنس" پشتڕاستی کردەوە، شێوەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتداریی تاڵیبان بۆ سەر ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بزووتنەوەی تاڵیبان سنووردارکردنی توندی بەسەر ژنان و منداڵانی کچدا سەپاند، لەوانە زەوتکردنی سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیان، بێبەشکردنیان لە خوێندن و کارکردن، جگە لە ناچارکردنیان لە شوێنە گشتییەکان بۆ ئەوەی حیجاب لەبەر بکەن.

 

ڕێکخراوی " أفغان ويتنس" کە چاودێری پرسەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان دەکات، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دوێنێ ١٦ی ئاب ڕایگەیاندووە، جۆرەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی تاڵیباندا.

 

ڕێکخراوەکە نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە دەرکردنی سیستماتیکی ژنان لە ژیانی گشتی دەربڕی و ئاماژەی بە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی کرد.

 

 لە ڕاپۆرتەکەدا دەریخستووە، ماوەی دوو ساڵ و ٦ مانگی ڕابردوودا ٨٤٠ ژن بەر توندوتیژی ڕەگەزی کەوتوون و ٣٣٢ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی بەرچاوی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لەلایەن چالاکوانانی مافی مرۆڤی ژنەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ڕێژەی ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکان لە شوێنە گشتییەکان لە ٨٨% لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ نیوەی ساڵی ٢٠٢٢ کەمبووەتەوە، هەروەها لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤یشدا بەردەوام لە دابەزیندایە، بەو پێیەی ٩٤%یان بە شێوەی ئۆنلاین یان بە شێوەی تایبەت ڕێکخراوبوون، زۆرجار شوێنێکی نادیاربوون.

 

شایەنی باسە لەوەتەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، سنووردارکردنی توندی بەسەر مافەکانی ژنان و منداڵانی کچدا سەپاندووە، لەوانە ڕێگریکردن لە ناونوسینیان لە قوتابخانە ناوەندییەکان و زانکۆکان و پارکە گشتییەکان و پارکە گەشتیارییەکان، جگە لە هۆڵەکانی وەرزش، سەپاندنی لەبەرکردنی حیجاب لە شوێنە گشتییەکان، و دەرکردنی هەزاران ژن لە کارە حکومییەکانیان.