لە ماوەی ٩ مانگدا ٣٢٣ ژن لە ئیکوادۆر کوژراون
لە ئیکوادۆر لە نێوان ١ی کانوونی دووەم تاوەکو ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ٣٢٣ ژنی گەنج و منداڵی کچی تەمەن ١٨ ساڵ کوژراون، بەپێی ئامارەکان لەو وڵاتەدا هەر ١٩ کاتژمێر جارێک ژنێک یان منداڵێکی کچ دەکوژرێت.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئامارەکانی هاوپەیمانیی فێمینیستیی چاودێریکردنی کوشتنی ژنان لە ئیکوادۆر، لە نێوان ١ی کانوونی دووەم تاوەکو ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا ٣٢٣ ژن کوژراون. ئەو هاوپەیمانییەی کە لە نزیکەی ١٢ ڕێکخراو پێکهاتووە ڕایگەیاندووە، لەو وڵاتەدا هەر ١٩ کاتژمێر جارێک ژنێک یان کچێکی منداڵ کوژراوە.
ئاماژە بەوە کراوە کە لە کۆی ئەو تاوانانەی تۆمار کراون، ٢٤٣ حاڵەتیان بەهۆی شەڕی نێوان گرووپە تاوانکارییەکانەوە ڕوویانداوە، ٦٧ حاڵەتیان لەلایەن هاوبەشی نزیکی ژیانەوە ئەنجامدراون و ١٣ حاڵەتیشیان وەک کوشتنی ژنانی ڕەگەزگۆڕاو پێناسە کراون.
هەروەها ڕاگەیاندراوە کە ٢٦ کەس لەو ژن و منداڵە کچانەی کوژراون تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.
بەپێی داتاکان، لەناو ژنە کوژراوەکاندا لانیکەم حەوت کەسیان دووگیان بوون و لە ئەنجامی ئەو تاوانانەشدا ٧٨ منداڵ و گەنج بێ دایک و باوک ماونەتەوە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوە فێمینیستییەکان، لە ئیکوادۆر لە ساڵی ٢٠٢٥یشدا ٤١١ ژن کوژراون.