لە ماوەی ٣٠ـی ڕۆژدا ٥٠ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٥٠ حاڵەتی لەسێدارەدان و ٥٤١ حاڵەتی دەستبەسەرکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تۆمار کراوە، هاوکات ٧٣ حاڵەتی پێشێلکاری دژی زیندانییان بۆ چارەسەری پزیشکی ئەنجام دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، سەبارەت بە ڕێژەی لەسێدارەدا و زیندانیکراوان و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپۆرتێکی مانگانەی بڵاوکردەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٥٠ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراوە کە زۆرینەی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسیی ناڕەزایەتییەکان لەخۆ دەگرێت، هاوکات ٥٤١ حاڵەتی دەستبەسەرکردن تۆمار کراوە کە سزاکەیان بە گشتی حەوت هەزار و ١٢٢ مانگ زیندانی بوونە، هەروەها ٢٦٢ موڵک و سامانیش لەژێر ناوی هاوکاری لەگەڵ دوژمن زەوت کراون.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، دۆخی ناو گرتووخانەکان خراپتر بووە، ٧٣ حاڵەتی پێشێلکاری دژی زیندانییان وەک پەکخستنی چارەسەری پزیشکی و گواستنەوەی نادیاری زیندانییانی سیاسی ئەنجام دراون، هەروەها هێزە ئەمنییەکانیش بەهۆی تەقەی بێسەروبەر لە دوو شاری ئێرانشار و کرمان، لانی کەم حەوت هاووڵاتیی سڤیل و منداڵێکیان کوشتووە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی دادوەری داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی سێدارەکان ڕەت دەکەنەوە و بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە، دەستڕاگەیشتنی خەڵک بۆ تەنیا ١٪ دابەزیوە.