لە مانگێکدا ٢٦ ژن و منداڵ لە ئەفغانستان کوژراون

لە ئەفغانستان لە مانگی نیساندا لانیکەم ٢٠ ژن و شەش منداڵ کوژراون، هاوكات لە ڕووداوێکی تریشدا لە هێلمەند شەش ژن و دوو منداڵ لە ئاودا خنکێندراون.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان سەبارەت بە بارودۆخی خراپی ژنان و منداڵان لە ناو حکومەتەکەی تاڵیبان ڕاپۆرتێکیان بڵاو کردووەتەوەو تێیدا هاتووە: تەنها لە ماوەی یەک مانگدا، شەپۆلێکی خوێناوی لە توندوتیژی ڕوویداوە کە تێیدا لانیکەم ٢٠ ژن و شەش منداڵ کوژراون، هاوكات لە ڕووداوێکی تریشدا لە هێلمەند شەش ژن و دوو منداڵ لە ئاودا خنکێندراون.

 

لەم مانگەدا بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی ناوخۆیی توانیویانە بەشێک لەم تاوان و کوشتنە سیستماتیکانە تۆمار و بڵاو بکەنەوە، بەڵام لە زۆربەی ویلایەتەکاندا لەگەڵ سانسۆری توند، هەڕەشە و گوشاری دەزگا ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە تەنیا بەشێکی زۆر بچووک لە ڕاستییە تاڵەکانی ناو ئەفغانستان بگاتە میدیاکان و جیهانی دەرەوە.

 

جێی ئاماژەیە، نەبوونی میدیای ئازاد، سنووردارکردنی هاتوچۆی ڕۆژنامەنووسان، و حاکمبوونی نەریتە سەختگیرەکان بوونەتە هۆی کپکردنی دەنگی قوربانیان.

 

تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا، خێزانەکان خۆیان هەوڵ دەدەن کوشتنی کچ و ژنەکانیان بشارنەوە تا ڕێگری لە پڕوپاگەندەی کۆمەڵایەتی بکەن.