لە لۆزان ناوەندی "مەدچاند" بۆ خەباتی کولتووریی و زمانەوانی دامەزرا

بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە، لە شاری لۆزانی سویسرا پانێڵێک ڕێکخراو لە پانێڵەکەکدا جەخت لە پاراستنی زمانی کوردی کرایەوە، هاوکات لە چالاکییەکەدا ناوەندی “مەدچاند” بۆ پەرەپێدانی خەباتی کولتووریی و زمانەوانیی دامەزرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری لۆزانی سویسرا، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییان و نووسەران پانێلێک و ئاهەنگێک ئەنجامدرا، بەمەبەستی جەختکردنەوە لە پاراستنی زمانی کوردی، کە تێیدا هەریەک نووسەر، میرزا ڕۆنی و هونەرمەند، ئاخین تاتڵی بەشداربوون.

 

لە پانێڵەکەدا ئاماژە بەو خەبات و قوربانییانە درا، کە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا لەپێناو زمانی کوردیدا دراون، هەروەها باس لە پێویستییە نوێیەکانی زمانی کوردی لە سەردەمی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیادا کرا.

 

 بەشداربووانی پانێڵەکە جەختیان لە گرنگیی پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی کردەوە وتیان: پێویستە لە تاراوگە قوتابخانەی کوردی و دامەزراوەی کولتووری بۆ زمانی کوردی دروست بکرێن.

 

هەروەها بەشداربووانیش لە ڕێگەی پرسیار و سەرنجەکانیانەوە دوپاتیان کردەوە کە دروستکردنی ناوەندی زمانەوانی کوردی پێویستییەکی هەنووکەیی و گرنگە.

 

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، دامەزراندنی ناوەندی “مەدچاند” لە لۆزان ڕاگەیەندرا، کە ئامانجی پەرەپێدانی خەباتی کەلتووریی و زمانەوانییە لە شاری لۆزان.

 

پاشان، لە کۆتایی مەراسیمەکەدا هونەرمەند ئاخین تاتڵی چەندین ستران و مەقامی پێشکەش کردو چالاکییەکە بە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.