لە لیبیا تەرمی نزیكەی ٥٠ كۆچبەر دۆزرانەوە
لە لیبیا تەرمی نزیكەی ٥٠ كۆچبەر لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵدا دۆزرانەوە كە هەندێكیان شوێنی گولـلە بە جەستەیانەوەیە.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250210-webp135a69-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی لیبیا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد، دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە لە شاری كوفرە لە باشووری رۆژهەڵاتی لیبیا دۆزراونەتەوە كە یەكەمیان رۆژی هەینی هەڵدراوەتەوە و تەرمی ١٩ كۆچبەری تێدا بووە.
هەروەها دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكانیش ناوەندێكی بازرگانیكردنیان بە مرۆڤ ئاشكراكردووە، لە هەمان ناوچە گۆڕێكی تری بە كۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە تەرمی ٣٠ كەسی تێدا بووە.
كۆمەڵەی عابرینی خێرخوازیش ئاشكرایكردوە، هەندێك لە تەرمەكان شوێنی گولـلەیان پێوەیە و لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوەی زیاتر لەوبارەیەوە دەكرێت.