لە لوبنان ١٣٠ منداڵ کوژران

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لە دژی لوبنان گەیشتووەتە هەزار و ٥٠٠ کەس کە ١٣٠ منداڵیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بە ئێران دوێنی ٣٩ ڕۆژ بوو بەردەوام بوو،  شەڕەکەش بۆ ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنەی کردووە. ئیسرائیل لە ٢ی ئاداردا ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر لوبنان،  ئەمەش گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر کردووەتەوە. جگە لەوەش هەڕەشە و هێرشی ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر ژێرخانی ناوچەکە دروست دەکات و ژنان و منداڵان و خەڵکی مەدەنی زۆرترین بەرکەوتەی هێرشەکانن لەو ناوچانەی کە شەڕی تێدا بەڕێوەدەچێت.

 

 وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزارو ٥٠٠ کەس.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵاوەو تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٥٣٠ کەس لە لوبنان کوژراون کە ٥٧ کارمەندی تەندروستی و ١٣٠ منداڵن، چوار هەزار و ٨١٢ کەسیش برینداربوون.