لە جندرێس خەڵک بۆ چەند ڕۆژێک لە ژێر داروپەردوودا مانەوە

کەسوکاری ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە لە جندرێسی داگیرکراوی عەفرین ڕایانگەیاند، هیچ هاوکارییەک بە زیانلێکەوتووانى بوومەلەرزەکە نەدراوە، خەڵک بۆ چەند ڕۆژێک لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە.

حەسنا محەمەد

شەهبا - لەو بوومەلەرزەیەی کە ڕۆژی ٦ی شوبات لە مەرەشى لە باکووری کوردستان بە گوڕی 7.7 پلە ڕوویدا، زیانێکی زۆر بە ناوچەکانی سوریا و بەتایبەت ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کەوت، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە زۆرێک لە شارەکانی گرتەوە، هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.

 

"زیاتر لە ٦٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا"

یەکێک لەو شوێنانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە،  جندرێسى عەفرینە کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیادایە، تا ئێستا باس لەوە دەکرێت زیاتر لە ٦٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٥٧ باڵەخانە وێران بوون، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاتر دەبێت، چونکە هێشتا خەڵکێکی زۆر لە ژێر داروپەردوودان و هیچ تیمێکی فریاگوزاری

"هاوکارییەکان ئاستەنگ دەکرێن"

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ئەو هاوکاریانەی کە بۆ قەزای جندرێس نێردراوە، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەستی بەسەردا دەگرن و لەبری خێزانە ڕەسەنەکان، هاوکارییەکانی ئێستا دەدەنە بنەماڵە عەرەبەکانی چەتەکان, کەسوکاری ئەو کەسانەی لە جندیرێس گیانیان لەدەستدا، بۆچوونەکانیان لەگەڵ ئێمەدا باس کرد .

 

١٤کەس لە خێزانەکەی گیانیان لەدەستدا

نەجمیە نەسۆ، کە ١٤ ئەندامی بنەماڵەکەی لە بوومەلەرزەکەى جندرێسدا گیانیان لەدەستداوە، باس لە لەدەستدانی کەسوکارەکەی کردو وتى: "منداڵەکانم لە جندرێس ژیاون، لەو بوومەلەرزەیەی کە ڕوویدا، کوڕەکەم هاوسەر و منداڵەکانی لەدەستدا، بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەکەوە 14 کەس لە خێزانەکەم گىانىان لەدەستدا, نزیکەی ٤ ڕۆژ لەژێر داروپەردوودا بوون تا دەرهێنران تەنها کوڕەکەم هێشتا لە ژیاندا بوو، بەڵام ئەویش دوای ڕزگارکردنەکە گیانى لەدەستدا، هەرگیز ناکرێت ئەم ڕووداوە لەبیر بکرێت، ئەو بوومەلەرزەیەی ڕوویدا ژیانی کردە دۆزەخ بۆ ئێمە، برینەکانمان بێ چارەسەرن، ٤ منداڵی بچووکی بێتاوان لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستدا، ئەو بینایەی کە تێیدا دەژین لەگەڵ زەوی تەخت بوو و هیچی لێ نەمابوو لە هەمان کاتدا براکەم و هاوسەرەکەی و منداڵەکانیش لە یەکەم ساتی بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا، کوڕی خوشکەکەم و کچەکەی براکەشم گیانیان لەدەستدا، ئەم ڕووداوە تاریک و پڕ لە ئازار بوو."

 

"دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان بەردەوامن لە کردەوە نامرۆڤەکانیان"

لەیلا محەمەد کە خەڵکی  جندرێسە و 12 ئەندامی خێزانەکەی لە کارەساتی بوومەلەرزەکەی  گیانیان لەدەستداوە، وتى: "خانووەکانمان لە جندرێس بە تەواوی وێران بوون، ژیان لەوێ نادۆزرێتەوە، لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە تا ئێستاش میللەت لە ژێر وێرانەدایە و ڕزگاریان نەبووە، تا ئێستا هیچ هاوکارییەک بۆیان نەهاتووە و چەتەکانیش ئەو هاوکارییە دەدزن کە بۆ زیانلێکەووتوانى بوومەلەرزەکە دێت، هەرچەندە ماڵی خەڵک وێران کرا، بەڵام چەتەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن لە کارە نامرۆڤانەکانیان."