لە هەولێر ژنێك كوژرا

لە گەڕەكی تەیراوای پارێزگای هەولێر ژنێکی گەنج لەلایەن براکەیەوە کوژرا، دواتر بکوژ لەلایەن پۆلیسی شارەكەوە دەستگیر كرا.

ناوەندی هەواڵ 

 

بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالاری كوشتنی ژنان لە باشووری كوردستان بەردەوامی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ ژنیكی گەنج لە هەولێر لەلایەن براكەیەوە كوژرا، دواتر بكوژەكە دەستگیر كرا.

 

بە پێی زانیارییە نافەرمییەكان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣ی ئایار، لە گەڕەكی تەیراوای پارێزگای هەولێر گەنجێكی تەمەن ١٨ ساڵ بە ١١ فیشەك خوشكە تەمەن ١٧ ساڵانەكەی خۆی كوشت و دواتر لەلایەن پۆلیسی شارەكەوە دەستگیر كرا.

 

هەر بە پێی زانیارییە، دوێنێ ژنە گەنجەكە خوازبێنی بۆ هاتووە و باوكی كچەكە بە بنەماڵەی خوازبێنی كارەكەی وتووە دوای دوو ڕۆژ وەڵامتان دەدەینەوە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ براكەی بەهۆی ناڕازیبوونی بە خوازبێنییەكە، دەسترێژی گوللـە لە خوشكەكەی كردووە و كوشتوویەتی.

 

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان سێ ژن كوژران و چوار ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.