لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیان لەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە

هەرچەندە دادگای نێودەوڵەتی لاهای دەستی بە دانیشتنەکانی دژی ئیسرائیل کرد دوای ئەوەی ئەفریقای باشوور دۆسیەیەکی لە دژی تۆمارکرد بە تۆمەتی جینۆساید دژی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە.

ناوەندی هەواڵ

 

خەڵکی کەرتی غەززە لەژێر شەڕێکی دڕندانەدا دەژین کە ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی مەدەنی دەکوژێت و هەزاران کەسیش لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشە پێنج مانگییەکەوە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ٢٣ هەزارو ٤٦٩ کەس، لە کاتێکدا ژمارەی بریندارەکانیش ٥٩ هەزارو ٦٠٤ کەسە.

 

لە کاتێکدا دادگای دادی نێودەوڵەتی لاهای دەستیکرد بە دانیشتن لەسەر سکاڵایەک کە لەلایەن ئەفریقای باشوورەوە تۆمارکراوە و تیایدا داوای ڕاگرتنی بەپەلەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات دوای ئەنجامدانی تاوانی "کۆمەڵکوژی" دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەم هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوری کەرتی غەززە چڕکردەوە.

 

دوای ئەوەی بۆردومانێکی ئیسرائیلی ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج لە گەڕەکی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە و ٨ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداو زنجیرەیەک هێرش کرایە سەر بینایەک و دوکانەکانی خان یونس.

 

بۆردومانی خانوویەک لە گەڕەکی ئەلسەبرا لە شاری غەززە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی کەسانی دیکە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون، هەروەها هێرش کرایەسەر شاری بێت حەنون لە باکووری کەرتی غەززەو لە نزیک ئەو ناوەندانە چڕکرایەوە کە ئاوارەکان تێیدا نیشتەجێ بوون.