لە هندستان گرژیی لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا دروستبوو دوو کەس گیانیان لەدەستدا

دوای ئەوەی پۆلیسی هندستان ویستی باڵەخانەیەكی نایاسایی لە باكوور وڵاتەکە بڕۆخێنێت، ناڕەزایی هاوڵاتییانی لێكەوتەوە، گرژیی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا درووست بوو، بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٨٠ كەسی دیكەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

پراهلاد نارایان مینا، بەرپرسی باڵای پۆلیسی هندستان ڕاگەیاندووە، لە ویلایەتی ئۆتاراكاند پۆلیس ویستوویەتی باڵەخانەیەك بڕوخێنێت، چونكە ئەو باڵەخانە نایاسایی بوو، ئەو شوێنە وەك قوتابخانە یان پەرەستگا تۆمارنەكراوە، بەڵام هەندێك لە دانیشتووانی ناوچەكە بە شوێنێكی ئاینی دەزانن، دواتر گرژیی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا درووست بوو.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەنجامی گرژییەكان دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و سێ كەسی دیكەش باری تەندروستییان ناجێگیرە، زیاتر لە ٨٠ كەسیش لە ئەنجامی بەرد فڕێدان بریندار بوون، كە هەندێكیان پۆلیس و ڕۆژنامەنووسن.

 

سومیت هریدێش، پەرلەمانتاری پارتی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند، توندوتیژییەكان دەرئەنجامی كردەوەیەکی بەپەلەی ئیدارەی ناوچەكە بووە، دەبوو پێش ڕووخاندنی باڵەخانەكە باوەڕیان بە دانیشتووانی ناوچەكە بهێنایە، لە ناویاندا پیاوانی ئایینی.