لە هەڵەبجە ٦٠ ژن پۆستە حکومییەکان بەڕێوە دەبەن

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژن، لە پارێزگای هەڵەبجە لەکۆی زیاتر لە ١٤٤ پۆستی حکومی،٦٠ دانەیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژن لە پارێزگای هەڵەبجە لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە پێگەی ژنانی پارێزگاکە لە دامەزراوەکانی حکومەتدا ئەنجامداوەو ئاشکرایکرد، لەکۆی زیاتر لە ١٤٤ پۆستی حکومی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی و بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگە و بەش و هۆبە، ٦٠ دانەیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ١٠ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کە خۆیان لە ١١ بەڕێوەبەرایەتی و٦٦ بەشدا دەبیننەوە، ژنان توانیویانە ٣٧ پۆستی بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی و لێپرسراوی بەش بەدەستبهێنن.

 

باس لەوەشکراوە، لەسەر ئاستی شەش فەرمانگەی دیکە کە لە ٥١ بەش و هۆبە پێکهاتووە، ٢٣ پۆستیان لە لایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە یەکێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجەدا، سەرباری ئەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی دەگاتە نزیکەی ٢٠٠ فەرمانبەر بەڵام تەنها یەک پۆستی کارگێڕی بە ژن سپێردراوە.

 

ڕێکخراوی نوێ بۆ شیکردنەوەکەی سوودی لە داتای ١٦ دامەزراوە بینیووە و ئەنجامەکانی دەریدەخەن، تەنها ٢٣ فەرمانگە وەڵامیان داوەتەوە، بەڵام داتای ١٦ فەرمانگەیان بە تەواوی و درووستی پڕکراوەتەوە، ئەگەرچی ژنان وەک ژمارە و هێزی کار لەنێو فەرمانگەکاندا بوونیان هەیە، بەڵام وەک پێویست پۆست و بەرپرسیارێتییان لەو دەزگایانەدا نییە.