لە گەرمیان ژنێکی گەنج بە گوماناویی گیانی لەدەستدا

لە شارەدێی ڕزگاری گەرمیان ژنێکی گەنج بە گوماناوی گیانی لەدەستداو دەوترێت گولـلە بەر سنگی کەوتووە.

 

ناوەندی هەواڵ- ژن کوشتن و هاندانی ژنان بۆ خۆکوشتن لە باشووری کوردستان دیاردەیەک ڕێژەکەی بەردەوام لە زیادبووندایەو چەکی بێمۆڵەتیش ئامڕازێکی سەرەکییە بۆ ئەوا تاوانانەو نەتواندراوە ڕێگری لە هەبوونی چەک لە ماڵەکاندا بکرێت.

شەوی ڕابردوو لەشارەدێی ڕزگاری سەر بەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی گەرمیان، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی "نور عەقیل" بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

لەوبارەیەوە ڕائید عادل حەمە ساڵەح، لێپرسراوی نوسینگەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕزگاری وتوویەتی: بەپێی وتەی دایک و باوکی، کچەکەیان چووەتە ژورێکەوە و دەنگی تەقە هاتووەو هیچ کێشەیەکیشی نەبووە پێشتر.

بەپێی زانیارییەکان گولـلە بەر سنگی کەوتووەو ئەو چەکەی بەکارهاتووە بێمۆڵەت بووە، هیچ کەسێکیش لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرنەکراوە.