لە غەززە لافاو هەزاران چادری ژێر ئاو خست

ئاماری کوژراوانی شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە بۆ ٧٤ هەزار و ٦٤٠ کەس بەرزبووەتەوە و ١٧٥ هەزار و ٩٤٧ برینداریش هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کارەساتی مرۆیی خراپتر دەبێت و هەزاران چادری خەڵکی ئاوارە ژێر ئاو کەوتن.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، ئازاری سەدان هەزار ئاوارە لە کەرتی غەززە نوێ دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی چادرەکانیان ژێرئاوکەوتووە و کەلوپەلەکانیان بەهۆی باران و بارانی بەخوڕەوە زیانیان پێدەگات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانێکی مرۆیی خنکێنەر و کەمیی گەرمکەرەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی پەناگە هەیە.

 

ژمارەی قوربانیانی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە فەڵەستین لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە بۆ ٧٤ هەزار و ٦٤٠ کوژراو و ١٧٥ هەزار و ٩٤٧ بریندار بەرزبووەتەوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ٧ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، کە نەخۆشخانەکانی ئەو کەرتە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠ کوژراو و ٢٢ برینداریان وەرگرتووە، بەمەش کۆی ژمارەی کوژراوان لە دوای ئاگربەستەکەی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە گەیشتە هەزار و ٦١٠ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە پێنج هەزار و ٨١٩ کەس.

 

وەزارەتەکە دووپاتیکردەوە، کە ژمارەیەک قوربانی لە ژێر داروپەردوو و لە شەقامەکاندا گیریان خواردووە، چونکە گروپەکانی فریاگوزاری و ئۆتۆمێلی فریاگوزاری ناتوانن بگەنە دەستیان، هەروەها دوێنێ هەواڵی کوژرانی منداڵێک لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل لە خان یونسی بڵاوکردەوە، تەنها چەند کاتژمێرێک دوای گیان لەدەستدانی دوو فەڵەستینی کە یەکێکیان منداڵێکی کچە بەهۆی برینەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە چەند ڕۆژێک پێشتر.

 

چادری ئاوارەکان ژێرئاوکەوت

ئەمڕۆ باران بارینی بەخوڕ و لافاوێکی خێرا دوو فەڵەستینی بریندار کرد، بەهۆی داڕمانی دیواری باڵەخانەیەک لە باکووری غەززە، هەزاران چادری ئاوارەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە بە هۆی زریانەکەوە ژێرئاوکەوتوون، بیناکە پێشتر بەهۆی تۆپبارانی ئیسرائیلەوە زیانی پێگەیشتبوو.

 

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی وفا بڵاویکردەوە، ئاوی باران چۆتە ناو هەزاران چادر بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوچە نزمەکاندان و زیانیان بە کەلوپەلی خێزانە ئاوارەبووەکان گەیاندووە، ترس هەیە لەگەڵ بەردەوامی زریانەکەدا دۆخەکە خراپتر بێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بوونی بینای زیانلێکەوتوو و وێرانە.

 

بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی ٢٧٠ هەزار چادری خێزانە ئاوارەبووەکان لە کەرتی غەززە داڵدە دەدەن، لەکاتێکدا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ئاوارە کە لە ناوچە زۆر لاوازەکان بەدرێژایی کەناراوەکان دەژین ڕووبەڕووی مەترسی لافاو و زریانی زستانە دەبنەوە.

 

ئەم لافاوە لە کاتێکدایە کە کەرتی غەززە لە ئێستاوە بەدەست قەیرانێکی توندی مرۆیی و کەمیی گرینگی ژێرخان و پێداویستییەکانی فریاگوزارییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی قەدەغەکردنی یارمەتییەکانی بۆ چوونە ناو کەرتی دەریاکە، کە لەگەڵ هەر زریانێکدا ئازاری ئاوارەکان زیاتر دەکات.