لە عەفرین دوو خوشک ڕفێندران

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا دوو خوشکیان لە عەفرین ڕفاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین، "پۆلیسی مەدەنی" سەر بە دەوڵەتی تورکیا دوو ژنیان بە ناوەکانی حەنیفە سولەیمانی ٢٠ ساڵ و زەینەب سولەیمانی ٢١ ساڵ لە گوندی گۆلیای سەرەوە لە ناوچەی ڕاجۆی عەفرین ڕفاندووە.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو خوشکانە بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیدا کار دەکەن ڕفێندران.

 

دوای ئەوەی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکرا، چەتەکانی حەمزەت گوندی گۆلیای سەرەوەیان کۆنترۆڵ کرد، ئەو خوشکانە لەو کاتەدا تەمەنیان ١٥ و ١٦ ساڵ بوو، دوای ئەوەی خیزانەکانیان بڕێک پارەیان دا ئازادکران، بەڵام جارێکی دیکە ڕفێندراون و تا ئێستا چارەنووسی خوشکەکان ڕوون نییە.