لە دوو ڕوداوی جیادا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ڕوداوێکی هاتوچۆوە ژنێک لە شاری کەلار گیانی لەدەستدا، لە ڕوداوێکی دیکەدا منداڵێک و باوکی کەوتنە ناو رووباری چۆمان و خنکان.

ناوەندی هەواڵ

ڕاگەیاندنی هاتوچۆی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو لە ناو شاری کەلار لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری شێلان ئۆتۆمبێلێک لە ژنێکی داو برینداری کرد.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە ژنەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار کرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەستدا و دەستبەجێ مەفرەزەکانی هاتوچۆ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە بە مەبەستی لێکۆڵێنەوە لە ڕوداوەکە .

 

لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ چوارشەممە منداڵێک لە ڕوباری چۆمان نزیک قوبەی گەڵاڵە کەوتە ناو ڕوبار و خنکا، بەمەبەستی ڕزگارکردنی باوکی بەدوایدا خۆی فڕێداوەتە ناو ڕووبارەکە و بەهەمان شێوە ئەویش خنکاوە.

 

ئەوەخراوەتەڕوو کە ئەو منداڵەی  خنکاوە کچیێکی تەمەن ١١ ساڵانە و ناوی "دینا عەبدولڕەزاق"ە.