لە دەروازەی ڕاپەڕین یادی ڕاپەرین کرایەوە
لە یادی ٣٠ ساڵەی ڕاپەڕینی جەماوەری باشوری کوردستان، لە ڕانییە یادکردنەوەیەک ڕێکخرا و داوا لە حکومەت کرا، ئاوڕێکی جدی لە ناوچەکە بداتەوە و زیاتر خزمەت بکات.
ناوەندی هەواڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم مۆنۆمێنتی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی ڕانییەی دەروازەی ڕاپەڕین، یادی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دژ بە ڕژێمی بەعس بە بەشداری نوێنەرانی حزبی و حکومی کرایەوە، سەرەتا بەوەستان بۆ گیانی پاکی گیانفیدایان دەستیان بە مەراسیمەکە کرد و قایمقامی ڕانییە لە وتارێکیدا داوای لە حکومەت کرد ئاوڕ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بداتەوە و زیاتر خزمەت بە ناوچەکە و خەڵکەکەی بکات کە شایەنی شەهیدان و کەسوکاریان بێت، هەروەها داواکرا کە پرۆژە تەواونەکراوەکان کەلە ناوچەکەدا هەن تەواوبکرێن و یەکێک لەوانەش پرۆژەی مۆنۆمێنتی ڕاپەڕینە.
لە یادەکەدا نوێنەرانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان تاجەگوڵینەیان دانا و پەیامی تەڤگەرەکەشیان خوێندەوە، ئاماژەیان بەوەدا : "ڕاپەڕین بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان و خەڵکی وڵاتپارێزو ئازادیخواز دەستی پێکرد، ڕاپەڕینی گەلی باشووری کوردستان وەڵامێک بوو بۆ هەموو داگیرکەران و ناحەزانی کورد، سەلمێندرا گەلی کورد سەر بۆ ستەم و داگیرکاری دانانەوێنێت، بەڵام مەخابن ئەو یەکگرتووی و یەکیەتییەی گەل بەهۆی تەماحکاریی و خۆسەپاندنی هێزە سیاسییەکان زۆری نەخایاند و هەرزوو ڕێبەرایەتی ڕاپەڕین لەدەستی گەل دەرکراو کەوتە دەست حزب و گروپ و ئەو کەسانەی مێژوویەکی ڕەشیان هەبوو لە شەڕ و یەکترکوشتن و ڕاوەدونانی یەکتری".
مەراسیمەکە کە بۆ یادکردنەوەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی گەلی کورد بوو، بەڵام بەشێكی زۆر لە کەسوکاری شەهیدانی ڕاپەڕین بەهۆی خراپی دۆخ و حکومڕانی باشوری کوردستانەوە ئامادەنەبوون لە مەڕاسیمەکەدا بەشداربن.
ت.پ