لە چوارقوڕنە ژنێک کوژراو سێ کەسی دیکەش بریندار بوون
لەگەڕەکی قەندیل لە شارۆچکەی چوارقوڕنە، پیاوێک دەستڕێژی گولـلـەی لە ماڵی باوکی هاوژینەکەی کردو ژنێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسێکی دیکەش بریندارن.

ناوەندی هەواڵ
بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و قبوڵ نەکردنی ژنان کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوانی ناو بنەماڵەکانیان بەردەوامی هەیە، لە نوێترین ڕووداودا لەگەڕەکی قەندیل لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، پیاوێک دەستڕێژی گولـلـە لە ماڵی باوکی هاوژینەکەی کردوە و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە دایکی هاوژینی بکوژەکەیەو تەمەنی ٤٠ ساڵە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو سێ کەسەى بریندار بوون کچێک و کوڕێک و منداڵێک بوون، کچەکە فیشەکێک و کوڕەکە سێ فیشەک و منداڵەکەش فیشەکێک بەر جەستەیان کەوتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ هەواڵی کوشتنی ژنێکمان لە بەغدا بەدەستی براکەی بڵاوکردەوەو شەوی ٢٧ی ئایار لە هەولێر تەرمی ژنێکی کورد بە ناوی خەرمان شەمسەدین دۆزرایەوەو هەر ئەو شەوە زیشکێکی سەنتەری ئازادیی نەشتەرگەری و نەخۆشیی دڵ لە دهۆک بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.
لە باشووری کوردستان لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٠ ژن کوژراون و ٩ ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.