لە چوارقوڕنە ژنێک بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

لە شارۆچکەی چوارقوڕنەى سەر بە ئیدارەى ڕاپەڕین ژنێک بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە و هێزە ئەمنییەکانی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٨ی ئاب، تەرمی ژنێكی گەنجی دانیشتوی شارۆچکەی چوارقوڕنە لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە و دواتر تەرمەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە و دواتر پزیشکی دادوەری شارەکە کراوە.

 

بەپێی زانیارییەکان ژنەکە تەمەنی نزیکەی ٢٥ ساڵە و ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایکی منداڵێک بووە و دانیشتوی شارەدێی چوار قوڕنەی سنوری رانیە بووە.

 

هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونە شوێنی ڕوداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی ٥ی ئاب، ژنێک بەناوی دالیا لە دەربەندی ڕانیە بەشێوەیەکی گوماناوی خنکا، هەروەها ٢ی ئاب، ژنێک لە سلێمانی لەبەردەم ماڵەکەی لەلایەن برایەکییەوە تەقەی لێکرا و بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

 

هەر بە پێی کۆکردنەوەی ئامارەکان لەلایەن ئاژانسەکەمانەوە، لە سەرەتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی تەمووز لە هەرێمی کوردستان، ٩ ژن کوژراون یان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوەو هەوڵی کوشتنیان دراوە.