لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گیانلەدەستدان و برینداربوون، ماڵەکان لە پشت هێڵی زەردەوە ڕووخێنراون
سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە و کامپەکانی پەنابەران چڕتر کردووەتەوە، کە بووەتە هۆی کوژران و وێرانکارییەکی بەرفراوان. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی بە ئەنقەست منداڵان دەکاتە ئامانج.
ناوەندی هەواڵ
هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و دەستدرێژی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، ئەمەش بووەتە هۆی شەرمەزارکردنی بەرفراوان و ترس لە پەرەسەندنی گرژیەکان لە نێوان بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و ڕێزگرتن لە پابەندبوونە مرۆییەکان.
سەرەڕای بەردەوامی ئاگربەست، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە چڕتر کردەوە و لە ئەنجامدا، چەندین هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و لەناو کامپەکانی پەنابەراندا وێرانکارییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، ئەم پێکهاتانە هاوکات بوو لەگەڵ تۆمەتەکانی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئیسرائیل لە کاتی شەڕدا پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان ئەنجامداوە.
دوای تەقینەوەیەک لە ناوچەی "هێڵی زەرد" کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کۆنترۆڵکرابوو، دوکەڵێکی گەورە بەرزبووەوە، لە ٢٥٨مین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە پێشێلکردنی ئاگربەست لە سەرتاسەری غەززە، لە کاتێکدا، نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە ڕایانگەیاندوە، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا سێ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوە پزیشکییەکان ٢٤ی حوزەیران ڕایانگەیاند، کە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا، کە ناوچەی مەواسی لە ڕۆژئاوای خان یونس کردبووە ئامانج، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژران، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوای دەرچوونی فەرمانی چۆڵکردنی هاوڵاتیانی غەززە، هەڵیانکوتایە سەر سێ کامپی ئاوارەبوو لە ڕۆژئاوای شاری غەززە و دەیان چادریان لە گەڕەکی شێخ عەجلین لە باشووری ڕۆژئاوای شارەکەی بۆردوومانکردووە و لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو شارەش زیانیان پێگەیشتووە.
هەروەها بۆردوومانەکە چادری ئاوارەکانی ناوچەی ”محطە” لە گەرەکی ”تفاح”ی ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە کردە ئامانج، تەقینەوە توندوتیژەکان ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کامپی پەنابەرانی ”جباليا” و شاری غەززەی لە ئەنجامی ڕووخاندنی بلۆکی نیشتەجێبوون هەژاند، هەروەها ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل چوونەتە ناو ”بيت لاهيا” لە باکووری کەرتی غەززە و تەقەی قورسیان لەگەڵدا بوو.
لە پێکهاتێکی پەیوەندیداردا، لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە ئەنقەست منداڵانی فەڵەستینی لە کاتی شەڕی غەززەدا کردووەتە ئامانج، کە ئەمەش بە ئامانجکردنی توخمێکی سەرەکیی کۆمەڵکوژی بەردەوام لە کەرتی غەززە دەزانن، کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە پشتڕاستی کردەوە کە بەڵگەی کۆکردۆتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات، کە منداڵانی فەڵەستینی بە ئەنقەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەمەش بە ئاماژەیەک بۆ مەبەستی جینۆساید دژی دانیشتوانی فەڵەستینی لە غەززە زانی.