لە برۆکسل هەزاران ژن دژی توندوتیژی ڕژانە شەقامەکان
لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، هەزاران ژن بۆ شەرمەزارکردنی توندوتیژیی بۆ سەر ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٣ی تشرینی دووەم، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، هەزاران ژن بۆ شەرمەزارکردنی توندوتیژیی دژی ژنان ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد. ژنان لەدژی سیستمی پیاوسالاری و دەوڵەتی پیاوسالار، سەرەڕای باران و سەرما، لەناو شەقامەکانی برۆکسل ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا.
ژنان لە پارکی جین جاکۆب کە لەبەردەم دادگای باڵای بەلجیکا، گردبوونەوە. لە شوێنی گردبوونەوەکە زۆر ڕێکخراو و دامەزراوەی کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەکانی ژنان پەیام و وتاریان پێشکەشکرد. ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵێک تەڤگەری ژنانی کورد تەژەکە-ئەورووپا بە ئاڵاکانی خۆیەوە بەشداری لەو چالاکییەدا کرد کە لە ناوەندی برۆکسل بەڕێوەچوو. زۆر ژن لە وڵاتی جیاواز و لە کەمەنەتەوەی جیاوازی جیهانەوە، هەر یەک بە شێوەیەکی جیاواز هەڵوێستی خۆیان دەربڕی. بەڵام ئامانج یەک ئامانج بوو. ژنانی کورد وێنەی زیندانیانی سیاسییان بەرزکردەوە، بە هەلهەلە و دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە بەرزکردنەوەی ئاڵاکانیان ڕەنگێکی جیاوازیان بە ڕێپێوانەکەی ئەمساڵ بەخشی. لە شوێنی گردبوونەوەکە بەناوی تەژەکە-ئەورووپای بەلجیکاوە عاریفە سۆیسورەن ڕاگەیاندراوی تەژەکە-ئەورووپای خوێندەوە.
ناوەڕۆکی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە: "لە ٢٥ـی تشرینی دووەمدا بە تووڕەییەوە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەوەستینەوە. ئێمە تووڕەین لەبەرئەوەی هەموو ڕۆژێک توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان زیاتر دەبن. بەڵام ئەم تووڕەییە بەتەنها بەس نییە. پێویستە هۆکارە قووڵ و سەرەکییەکانی توندوتیژی بە دیدگایەکی فێمینیست و فراوان و قووڵەوە لێبکۆڵینەوە و تێبگەین.
توندوتیژی تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، کێشەیەکی زیهنییە. ئەوە زیهنییەتی باڵادەست، پیاوسالار، فاشیست و سەرمایەدارییە کە لە ڕێی سیاسەتەکانی دەسەڵات و دوژمنایەتییەوە بەهێزدەکرێت و دەشاردرێتەوە. ئەمڕۆ ئەو زیهینییەتە لە ڕێی میدیای سەرمایەداریی، سیستەمە دەوڵەتپارێزەکانی پەروەردە و سیستەمە ئاینییە باڵادەستەکانەوە دەپارێزرێت و دژی ژنان بەکاردەهێنرێت.
وەکو ژنان، پێویستە ئەم ڕاستیانە ببینین. کاتێک ئێمە بەرەنگاری توندوتیژی دەبینەوە، پێویستە کاریگەرترین ڕێوشوێنەکان بگرینە بەر کە دژی ئەم زیهنییەتە باڵادەستە پیاوسالارە بوەستینەوە. پێویستە خۆمان ڕێکبخەین، لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەت و دەسەڵات خۆپاراستن پەرەپێبدەین و کۆمەڵگەی سەربەخۆی خۆمان بونیاد بنێن.
بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، پێویستە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی "جەستەیی، دەروونی، ئابووری و سیستەماتیک" بوەستینەوە و زیهنییەتی پیاوسالاریی باڵادەست لە ڕەگەوە بنبڕبکەین. عەبدوڵا ئۆجالان بەم شێوەیە باس لەم ڕاستییە دەکات: 'ئەگەر دەتانەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیاتبنێن، پێویستە دژی زیهنییەتی پیاوسالاریی باڵادەست تێبکۆشن. ئەو کۆمەڵگەیەی کە لەسەر بنەمای پیاوسالاری دامەزراوە، هەرگیز ئازاد ناکرێت.
لە ٢٥ـی تشرینی دووەمدا، کاتێک ئێمە لە ئەورووپا ڕێپێوان ئەنجامدەدەین، جارێکی تر بیری دەهێنینەوە کە ژنانی کورد لە فەڕەنسا بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران. ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ژنان، بەڵکوو هێرشە بۆ سەر ڕامانەکانی ئازادی و دیموکراسی. لەبەرئەوەی ڕێکخستنی ژن بە مانای ڕێکخستنی کۆمەڵگە و دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگە دێت.
لەو ڕوانگەیەوە، ئێمە وەکو تەژەکە-ئەورووپا "تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەورووپا" بانگەواز بۆ هەموو ژنان دەکەین کە لە ٢٥ـی تشرینی دووەمدا لە گۆڕەپانەکان گردببنەوە، خۆیان ڕێکبخەن و دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک درێژە بە تێکۆشانی ئەنتەرناسیۆنالیستی خۆیان بدەن.
دوای وتار و پەیامە سیاسی و تاکەکەسییەکان، ئەو خەڵکەی لە گۆڕەپانی گردبوونەوەکە کۆبووبووەوە، لە کاتژمێر ١٥ـدا دەستی بە ڕێپێوان کرد بەناو کۆڵانەکانی برۆکسلدا. ڕێپێوانەکە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند و لە ناوەندی شار کۆتایی هات.