لە بەرەکانی پێشەوە ئیرادەی ژنانی شەڕڤان بەهێزە

لە بەرەکانی کەوکابەوە لە شاری حەسەکە کە بەفر لەگەڵ دەنگی تفەنگ تێکەڵ دەبێت، ڕووخساری شەڕڤانانی ژن و پیاو وەک ئاوێنەی ئیرادە و ئازایەتی و قوربانیدان دەدرەوشێتەوە، لەوێ لەسەر لوتکە بەرزەکان ڕایدەگەیەنن کە خاکەکە تەنها خۆڵ نییە، بەڵکو پەیمانێکی هاتا هەتاییە.

بێریڤان ئینتاجی

 

حەسەکە-لەسەر لوتکەی شاخ بەرزەکانی دەوروبەری حەسەکە، شەڕڤانان وەک دیوارێکی ئاگر و با وەستاون و بە جەستە و دەنگیان ڕایدەگەیەنن کە لەگەڵ خاک و ئاو و هەوای زێدی خۆیان بوونەتە یەک، لە نێویاندا وێنەی ئاڤیستا خابوور، شەڕڤانی گەنج، ناسک و لە هەمان کاتدا بەهێز دەدرەوشێتەوە، بوونی ئەو داوای سەرنج دەکات و قسەکانی وەک سوێندێکی هەمیشەیی دەنگ دەدەنەوە.

 

"ئێمە نەوەی ڕێبەر ئۆجالانین، هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین"

ئاڤێستا خابوور کە پشتی بە چەک و ماندوێتی شەڕڤانی ڕازاوەتەوە، لە نێو بەفردا بە جێگیری قسە دەکات و وتی: ئێمە لێرەین لەسەر گردی کەوکاب، دوژمن نزیکە، گروپەکانیان لە ژێر چیاکەوە هەوڵی دزەکردن دەدەن، ئەوان پاشماوەی داعشن، خۆیان بە هەتەشە ناودەبەن بۆ هێرشکردنە سەر خاکەکەمان، بەڵام ئێمە بە ڕوونی وتمان: هەرگیز پێیان ناخەنە سەر خاکی ئێمە، ئەم خاکە هی ئێمەیە، ئەوان هیچ مافێکیان نییە لەسەری.

 

قسەکانی لەگەڵ خۆڕاگری خاکەکەدا دەنگ دەداتەوە، وێنەی منداڵانی پەروەردەکراو بە شیری پاکی دایکان، هەروەها منداڵان کە بوونەتە شەڕڤانی توند، بە دڵی پڕ لە دڵسۆزی بۆ شەهیدان و ئیرادەی نەگۆڕ بۆ ئازادی، ڕووبەڕووی سەختترین بارودۆخ دەبنەوە.

 

ئاڤێستا خابوور، ناوەکەی لە ڕووبارەوە وەرگیراوە، بێتاوانی منداڵی و قووڵایی ئەزموون و ناسکی سیماکانی و بەهێزی ئیرادەی خۆی بەرجەستە دەکات، بوونی ئەو ژنە گەنجە سەرسوڕهێنەرە، وەک ڕووبارێک کە ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و دوبێتە ئۆقیانوسێکی ئیرادە.

 

ئەم شەڕڤانانە، ڕۆڵەی خاکی یاخیبوو، بە خۆڕاگری بەرخۆدانێکی بێهاوتای لوتکەکانی حەسەکە دەپارێزن، دەزانن ڕۆژانی داهاتوو تێپەڕین نین، بەڵکو ساتگەلێکن کە چارەنووسی تەواوی نەتەوەیەک لە قاڵب دەدەن، شکۆمەندی لە ڕووخساری ئەواندا بەرجەستە دەبێت، مێژووش لە قسەکانیاندا دەنگ دەداتەوە، پەیامێک کە بۆ هەمیشە شایەتحاڵی سەدەیەک بەرخۆدان دەبێت.