لە بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە حەوت کەس کوژران
بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، قوربانی و وێرانیی زیاتری لێکەوتەوە هاوکات لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان، پرۆسەی دەرهێنانی تەرمی قوربانییەکانیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بەردەوامە
ناوهندی ههواڵ
لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، حەوت کەس کوژران. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پرۆسەی گەڕان و ڕزگارکردن بەردەوامە و دوای ئەوەی ١١٢ تەرم لەژێر داروپەردووی ماڵە وێرانبووەکانی گەڕەکی ئەلسەبرە لە شاری غەززە دەرهێنراون.
لایەنە تەندروستییەکانی فەلەستین ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل شوێنەکانی ناو شاری غەززە، بێجگە لە دێر ئەلبەلەح و خان یونس-یان کردووەتە ئامانج. هاوکات بەرگریی شارستانی لە کەرتەکە پشتڕاستی کردەوە کە بۆردومانەکان بوونەتە هۆی کوژرانی حەوت کەس.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند کە کۆگا پزیشکییەکانی سەر بە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا کەوتوونەتە بەر بۆردومان، کە بووەتە هۆی تێکدانی دوو کۆگا لە کۆی چوار کۆگا، لەگەڵ تۆمارکردنی زیانی گەورە لە باقی بەشەکانی تری کۆگاکردندا.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، مانگی تەمووزی ڕابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە ژمارەی کوژراوەکاندا بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە ١٥٢ کەس، کە ئەوەش بەرزترین ئاماری مانگانەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە. لە کاتێکدا کۆی ژمارەی کوژراوەکان بەهۆی کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ١,٢٢٢ کەس.
لە گەڕەکی ئەلسەبرەش، بەرگریی شارستانی ڕایگەیاند کە تیمەکانی ڕزگارکردن قۆناغێک لە پرۆسەی گەڕانیان کۆتایی پێهێناوە کە نزیکەی دوو هەفتەی خایاندووە و تێیدا توانراوە ١١٢ تەرم دەربهێنرێن، کە ٤٠ منداڵ، ٣٨ ژن و حەوت کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان تێدایە.
بەرپرسی دۆسیەی دەرهێنانی تەرمەکان لە بەرگریی شارستانی ڕوونی کردەوە کە لانی کەم ١٥٧ تەرمی تر هێشتا لەژێر داروپەردودا گیریان خواردووە، لە کاتێکدا کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سور بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ هەوڵەکانی تیمەکانی ڕزگارکردن.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییە سەربازییەکان بەردەوامن، هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا باسی لە بەدەستهێنانی پێشکەوتنی گەورە کردووە بەسەر هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقەکردن لە غەززە کە ساڵی ڕابردوو لەسەری ڕێککەوتبوون.