لە بناری قەندیلەوە بۆ داگیرکەران: کەزی شەڕڤانان دەبێتە پەتی سێدارە بۆ خەونی عوسمانییەکان
لە بناری قەندیل بە پێشەنگایەتی ژنان و بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، پەیامێکی ئاگرین ئاراستەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی کرا. ژنانی قەندیل وتیان: شۆڕشی کەزی بووەتە ناسنامەی ڕۆژئاوا.
بناری قەندیل
دوێنی ٢٦ی کانوونی دووەم، لە نزیک گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل، بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی ژنان، ئەنجومەنی گەل و هاوسەرۆکایەتی شارەوانی بناری قەندیل، گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەڕێوەچوو.
لە گردبوونەوەکەدا کە توێژە جیاوازەکان تیایدا بەشداربوون، بە دەیان درووشمی وەک "لە قەندیلەوە بۆ ڕۆژئاوا، یەک خوێن و یەک داوا"، "سنورەکان دەشکێنین، داگیرکەر دەڕوخێنین" و "چوار پارچە یەک سەنگەرە، مەرگ بۆ چەتەی ئەنقەرە" دەنگی ناڕەزایەتی و بەرخۆدان گەیشتە تەشقی ئاسمان و پەیامی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل خوێندرایەوە.
"شەهیدی ئێمە دەبێتە تۆوی هەزاران شەڕڤان"
لە پەیامەکەدا وەڵامی ئەو زهنییەتە پیاوسالاری و داگیرکارییە درایەوە کە سوکایەتی بە جەستەی شەهیدان دەکات و ڕاگەیەندرا: کاتێک چەتە ترسنۆکەکان جەستەی پیرۆزی شەهیدێکی ژنی ئێمەیان لە بەرزایی بیناکانەوە فڕێدایە خوارەوە، وایانزانی ئیرادەمان دەشکێین، بەڵام نەیانزانی شەهیدی ئێمە کاتێک جەستەی بەر زەوی دەکەوێت، ڕۆحی دەبێتە تۆوی هەزاران شەڕڤانی تر و ئەوانیش "چەتەکان" نزمتر دەبنەوە بۆ نێو زەلکاوی مێژوو.
"شۆڕشی کەزی بووەتە ناسنامەی ڕۆژئاوا"
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک خرایە سەر هێما و سیمبولی 'کەزی' ژنانی کورد کە بووەتە ترس بۆ سەر دڵی داگیرکەران و هاتبوو: ئەو کەزییەی ئێوە دەتانەوێت بیبڕن، تەنها موویەک نییە، ئەوە ڕیشەی ئێمەیە لەم خاکەدا. ئەو کەزییانە دەبنە پەتی سێدارە بۆ خەونی نەزۆکی عوسمانییەکانتان. ئەمڕۆ 'شۆڕشی کەزی' بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازاد بووەتە ناسنامەی ڕۆژئاوا.
"هەر گولـلەەیەک بەر ڕۆژئاوا بکەوێت ئازارەکەی لە قەندیلە"
ئەنجومنی گەلی بناری قەندیل لە پەیامەکەیدا جەختی لە یەکێتی نەتەوەیی و یەک چارەنووسی کردەوە و ڕایگەیاند، قەندیل تەنها جوگرافیایەک نییە، قەندیل ڕۆح و پشتیوانە. هەر گوللەیەک بەر سنگی شەڕڤانێک بکەوێت لە عەین عیسا و تل تەمر، ئازارەکەی لە دڵی قەندیلدایە. ئەو یەکگرتووییەی کە لە زاخۆوە تا خانەقین دروست بووە، گەورەترین وەڵامە بۆ ئەردۆغان و پیلانەکانی.
چالاکییەکە بە نوێکردنەوەی بەڵێنی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و بە وتنەوەی دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێهات.