لە بناری قەندیل بە ڕۆحی بەرخودانی ژنان یادی فەرماندە و سیمبوڵی ئازادی "ڤیان سۆران" بەرز ڕاگیرا
لە بناری قەندیل، بە مەراسیمێکی شکۆدار و بە ئامادەبوونی ژنان و ئازادیخوازان، ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندە "ڤیان سۆران" کرایەوە و جەخت لە بەردەوامیدان بە هێڵی ئازادیی ژنان و پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕییەکان کرایەوە.
بناری قەندیل
دوێنێ ٢ی شوبات، لە بناری قەندیل، بە دەسپێشخەریی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل و ئەنجومەنی ژن و هاوسەرۆکایەتی شارەوانی بناری قەندیل و بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاو لە دانیشتووانی هەرێمەکە، چالاکوانانی بواری مافی ژنان و توێژە جیاوازەکان، مەراسیمێکی شایستە بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و تێکۆشانی شەهید ڤیان سۆران بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان و شەهیدانی شۆڕشی ژن دەستیپێکرد.
لە مەراسیمەکەدا ساریا چیا، چالاکوانی دیاری بناری قەندیل، وتارێکی پێشکەش کردو تیشکی خستە سەر گرنگیی چالاکییەکەی شەهید ڤیان سۆران لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدا وتی: شەهید ڤیان بە جەستەی خۆی بووە مەشخەڵێک بۆ ڕووناککردنەوەی تاریکیی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان لە دژی ڕێبەری گەلی کورد و تێکشکاندنی هێڵی خیانەت و تەسفیەکاری ناوخۆیی.
هەروەها ئەو چالاکوانە جەختی لەوەکردەوە کە ڤیان سۆران، نوێنەرایەتیی ئیرادەی ژنی ئازاد دەکات کە ڕەتیدەکاتەوە لەژێر سایەی زهنییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداریدا بژی و هەڵبژاردنی بۆ ژیانێکی ئازاد کرد.
لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، سینەفیزیۆنێک نمایشکرا کە تیشکی دەخستە سەر وێستگە گرنگەکانی ژیان و خەبات و بەرخودانی شەهید ڤیان لە چیا ئازادەکانی کوردستان و پەیامە مێژووییەکەی، کە بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان و هەستی شۆڕشگێڕیی لایان نوێ کردەوە.
مەراسیمەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" و دووپاتکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بۆ درێژەدان بە ڕێبازی شەهید ڤیان و سەرجەم شەهیدانی ئازادی، کۆتایی پێهات.
شایانی باسە ڤیان سۆران، لە ساڵی ٢٠٠٦ وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و خیانەتی ناوخۆیی، چالاکیی گیانبازیی ئەنجامدا و بووە سیمبوڵێک بۆ تێکۆشانی ژنانی کورد.