لە بەغدا ژنێک و دوو کچی کوژران
کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانی ناو خێزانەکان و دەوڵەتەوە بەردەوامە و لە ناوچەی کازمییەی باکووری بەغدا گەنجێک دایک و دوو خوشکی کوشتووە.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای سیاسەتی شەڕ و پێکدادان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتی کوشتنی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ ىەدەستی باوک و برا و هاوژین قوڵتر دەبێت.
لە ڕاگەیەنداراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دا هاتووە، "ئێوارەی دوێنێ ٨ی تشرینی دووەم، زانیاریمان پێگەیشت لە ناوچەی کازمییەی شاری بەغدا، تۆمەتبار “عەلی مەجید هاشم” دایک و دوو خوشکی کوشتووە و لە بنکەی پۆلیسی کازمییە سکاڵا لە دژی تۆمەتبارەکە تۆمارکراوە.".
هەر لەبارەی ئەو ڕووداوەوە، ماڵپەڕی عێراقییە نیوز لەزاری بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هۆکاری کوشتنەکە بەهۆی دابەشکردنی میراتی بووە و بکوژەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە.