لە بەغدا لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا سێ ژنی گەنج بە گوماناویی گیانیان لەدەستدا

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سێ ژنی گەنجی ناوچە جیاجیاکانی بەغدای پایتەختی عێراق بەهۆکاری نادیار خۆیان کوشتووە، چالاکوانانی ژنان داوایان کرد هۆکاری خۆکوشتنی ژنانی گەنج ڕوون بکرێتەوە و تۆمەتباران سزا بدرێن.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سێ ژنی گەنجی ناوچە جیاجیاکانی بەغدای پایتەختی عێراق بەهۆکاری نادیار خۆیان کوشتووە، چالاکوانانی ژنان داوایان کرد هۆکاری خۆکوشتنی ژنانی گەنج ڕوون بکرێتەوە و تۆمەتباران سزا بدرێن.

 

غوفران ئەل-ڕادی

بەغدا- دەزگا تایبەتەکانی حکومەتی عێراق ڕایانگەیاندووە کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕۆژی ٢٤ بۆ ٢٥ی ئەم مانگە، سێ ژنی گەنجی ناوچە جیاجیاکانی بەغدای پایتەختی عێراق بەهۆکاری نادیار خۆیان کوشتووە کاتێک هەواڵی خۆکوشتنی هەر سێ ژنە گەنجەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، دەنگی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بەرزبووەوە کەسایەتییە فێمینیستەکان هۆشداریان دا لە توندوتیژی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە و دەبنە هۆی خۆکوشتن.

 

سەرچاوەیەکی تایبەت لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق بەئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند کە ئەو سێ ژنە گەنجەی خۆیان کوشتووە تەمەنیان لەنێوان  ١٥ بۆ ٢٠ ساڵیدا بووە و وتیشی: "یەکێک لەوان کە تەمەنی ١٦ ساڵە لە ژێر فشاری قورسی خێزانەکەیدا ژیاوە و لە لایەن خێزانەکەیەوە ڕێگری لێکراوە کە خوێندنی ناوەندی تەواو بکات و بووەتە هۆی خۆکوشتن، لێکۆڵینەوەکە تا ئێستا بەردەوامە و ئێمە بەدوای هۆکاری خۆکوشتنەکەیاندا دەگەڕێین".

 

"یەکێک لەو ژنە گەنجانە لە لایەن برایەکیەوە توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر کراوە"

سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێک لەو ژنە گەنجانەی کە خۆی کوشتووە دەڵێت: "ئەو لەژێر فشاری دەروونی و خێزانی گەورەدا ژیاوە و چەند مانگێکە لەلایەن برایەکیەوە توندوتیژی بەرامبەر کراوە، ئەو ژنە گەنجە خەونی بوون بە مامۆستای بیرکارییەوە دەبینێت، چونکە لە خوێندنی بیرکاریدا زۆر سەرکەوتوو بووە، دواین پەیام کە لە قوربانیەکەوە وەرمگرت سەبارەت بە دڵڕەقیی یەکێک لە براکانی بوو، کە بەهۆی ئارەزووی گەڕانەوە بۆ قوتابخانە لە دەموچاوی داوەو توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر کردووە".

 

"دەستێوەردانی کۆمەڵایەتی هەیە لە هەڵبژاردنی وردەکارییەکانی ژیانی زۆرێک لە ژنان"

بوشرا ئەلعوبەیدی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ڕایگەیاند کە بەهۆی توندوتیژییەکانی سەر ژنان و بەتایبەتی ژنانی گەنج زۆر غەمبارە و وتی: "گفتوگۆکانی کۆمەڵگا بەگشتی سنوردارە بۆ ژنان و بەدەگمەن ئەو ژنانە دەبینین کە ئازادن لە هەڵبژاردنی وردەکاری ژیانی سروشتی خۆیان، خێزان و کۆمەڵگا، دابونەریتیش دەستتێوەردان دەکەن لە هەڵبژاردنی جۆرەکانی کار و پەروەردە و هاوسەرگیریدا".

 

"زۆر حاڵەتی خۆکوشتن لە ڕاستیدا تاوانی کوشتنە"

بوشرا ئەلعوبێدی ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک ڕووداوی خۆکوژی لە ڕاستیدا کوشتنن کە دەبنە ڕوداوی خۆکوژی بۆ ئەوەی بکوژەکە سزا نەدرێت و وتیشی: "هەندێک تاوان هەیە کە ژنان دەبنە قوربانی و تاوانەکە دەبێتە خۆکوژی، هەروەک ئەو ڕوداوەی لەگەڵ ئەو ژنە گەنجە تایبە محەمەد کراوە، چەندین ڕوداوی دیکە لە دەرەوەی ڕوداوەکە بەرامبەر بەژنان ڕوو دەدات بۆیە داوا لە دەزگا تایبەتەکان و شوێنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لێکۆڵینەوەکان فراوان بکەن و لێپرسینەوە لە تۆمەتبار و سزا بکەن".