لە باکووری کوردستان و تورکیا مافی ژنان بۆ یەکسانی هاوڵاتیبوون لە هێرشدایە
یاسای مەدەنی تورکیا کە لە سایەی خەباتی ژنانەوە بڕگەکانی یەکسانی بەهێزتر بوو، لە نێوان گفتوگۆی نوێی ڕێکخراوەیی و زیادبوونی هێرشەکاندا هاتە ناو سەد ساڵەی خۆیەوە.
ئەلیف ئاکگول
ئیستەنبوڵ-گفتوهۆیەکی گەرم سەبارەت بە پێگەی یاسای مەدەنی تورکیا و ڕۆڵی لە بڕیاردانی یەکسانی لە نێوان هاوڵاتیان و بە تایبەتی مافەکانی ژنان سەریهەڵداوەتەوە کە لە کاتی دەرچوونیەوە بەردی بناغەی ئەم یاسایە بوون، هەروەها یاسای مەدەنی تورکیا کە ژیانی کۆمەڵایەتی ڕێکدەخات و لە هەمووی گرنگتر مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان بە ژنان دەبەخشێت، لە ١٧ی شوباتی ١٩٢٦ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ساڵی ٢٠٠١ لە ئەنجامی ململانێی ژنان دەستەواژەی "هاوژین سەرۆکی ماڵە" لابرا و هەردوو هاوژینەکەش بەشدارییەکی یەکسانیان لە هاوسەرگیریدا پێدرا، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ ژن و پیاو بە ١٨ ساڵ دیاریکرا، لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، یاسای مەدەنی دووچاری هێرشی دووبارە بووەتەوە، لەوانە پێدانی دەسەڵاتی هاوسەرگیری بە فەرمانگەکانی موفتی، پێشێلکردنی مافی ژن بۆ بەکارهێنانی ناوی خێزان، هەروەها هەوڵدان بۆ تێکدانی مافی میراتگری لە ڕێگەی وتاری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئایینییەوە.
هولیا گوڵبەهار، پارێزەر باس لەوە دەکات، کە یاسای مەدەنی دەقێکی بنەڕەتییە سەبارەت بە سیستەمی یاسایی عەلمانی و یەکسانی هاوڵاتیبوون، جەخت لەسەر پێویستی سەیرکردنی گفتوگۆکانی دەوروبەری یاسای مەدەنی لە چوارچێوەی عەلمانی و یەکسانیدا دەکاتەوە، بەبێ یاسای مەدەنی، عەلمانیەت نییە، بەبێ عەلمانییەت، نە کۆمەڵگەیەکی شارستانی هەیە و نە پێکهاتەیەکی خێزانیی.
”ئەو یاسایەی کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات... یاسای مەدەنییە”
ڕوونی کردەوە، یاسای مەدەنی کە لە ساڵی ١٩٢٦ پەسەند کراوە، یاسای بنەڕەتییە، بەردی بناغەی سیستەمی یاسایی عەلمانییە لە باکووری کوردستان و تورکیا و هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ڕێکدەخات.
دووپاتی کردەوە، کە یاسای مەدەنی تەنها بابەتی خێزانی ڕێکناخات بەڵکو بەشدارییەکی یەکسانی ژنان و پیاوانیش وەک هاوڵاتی لە کۆمەڵگەدا، بۆیە یاسای مەدەنی نوێ بنەمای سەرجەم یاساکانی دواتر پێکدەهێنێت کە ژیانی کۆمەڵایەتی ڕێکدەخات، لەگەڵ ئەو هەموارکردنە نوێیانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٠ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیا یەکێک لە باشترین کۆدە مەدەنییەکانی جیهانمان دامەزراندووە، بەڵام هێرشەکان بۆ سەر یاسای مەدەنی لە دوای پەسەندکردنیەوە بەردەوامن و ئەم هێرشانە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا توندتر بوون، لە سەدەمین ساڵیادی یاسای مەدەنیدا، بە ڕێکەوت نییە کە هێرشەکانی سەر یاسای مەدەنی و عەلمانیەت لە ساڵی ٢٠٢٦دا هاوکات بن، ئەو ساڵەی ئێمە هەوڵدەدەین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ئەو یاسایە پیرۆز بکەین.
پێی وایە هێرشەکە ئاڕاستە دەکرێت چونکە ئەو نموونە کۆمەڵایەتیەی عەلمانییەی کە یاسای مەدەنی دامەزراندووە و لەسەر بنەمای سەروەری گەل و یەکسانی هاوڵاتیان دامەزراوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان تێکدەچێت، ئەگەر عەلمانیەت بکرێتە ئامانج، ئەوا خودی یاسای مەدەنی لە ژێر هێرشدایە و ئەگەر یاسای مەدەنیش مەترسی لەسەر بێت، ئەوا تەواوی بنەمای عەلمانیەت لە ژێر هێرشدایە.
"یاسای مەدەنی بەو واتایەی کە هاوڵاتیان خۆیان یاساکان دادەنێن"
هولیا گوڵبەهار پێی وایە یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندیەکانی یاسای مەدەنی میکانیزمی یاسادانانیەتی، وتی: سەرچاوەی یاسا سەروەری گەلە و لاوازکردنی ئەم بنەمایە پەیوەستە بە دەستوەردان لە یاسای مەدەنیدا، گرنگترین شت کە یاسای مەدەنی پێشکەشی ژنان و هەموو هاوڵاتیان دەکات ئەوەیە کە لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانە نییە کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ دەسەڵاتە ئیلاهییەکان، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوڵاتیان خۆیانە، کە لەڕێگەی پەرلەمانەکەیانەوە یاسا دەردەکەن، پەیوەندی بە گواستنەوەی سەروەرییەوە لە ئاسمانەوە بۆ تاک و کۆمەڵگە ئەمەش تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگە، بۆ نموونە لە باکووری کوردستان و تورکیا شاهیدی گەورەترین هێرش بۆ سەر سیستەمی پەرلەمانی دەبینین.
پرسیاری ئەوەی کرد، سیستەمی پەرلەمانی ئێمە بووەتە چی؟ و لە وەڵامی وتی: بۆتە سیستەمێک کە تاکە تاکێک بتوانێت پەسەندکردنی بڕیارەکانی بەدەستبهێنێت، ئیتر پەرلەمانێک بوونی نییە کە بە کردەوە یاسا دەربکات، بە واتایەکی دیکە بەشێک لە هێرشکردنە سەر یاسای مەدەنی ئەوەیە کە پرسی سەروەری گەل بووەتە بابەتی گفتوگۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا.
”یاسای مەدەنی وەک مەرجێک بۆ هاوڵاتیبوونی یەکسان”
وتیشی: یاسای مەدەنی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان دادەمەزرێنێت و گواستنەوە لە یاسای ئایینیەوە بۆ یاسای مەدەنی و گشتگیر بەهۆی ئەم یاسایەوە بووەتە شتێکی دڵنیای، هەروەها گونجاندنی یاساکە بۆ بزووتنەوەی ژنان زۆر گرنگە.
ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵی دووەم ئەوەیە کە یاسای مەدەنی لەسەر پێکهاتەیەک دامەزراوە کە هەموو لایەنەکانی ژیان بە ژیانی سیاسیشەوە لەسەر بنەمای هاوڵاتییەکی یەکسان چەسپاندووە، واتە مافی میرات و مافی هاوسەرگیری و مافی ئەنجامدانی مامەڵەی یاسایی وەک هاوڵاتی، سیستەمێکە کە مافەکان دادەمەزرێنێت، لە یاسای خێزان تێدەپەڕێت لەسەر بنەمای یەکسانی، یاسای ئایینی دەگۆڕێت بۆ یاسایەکی مەدەنی سەردەمی و گشتگیر، بۆیە سیستەمێکی گونجاوە.
دووپاتیشی کردەوە، هەر لەبەر ئەمەشە توانیمان لە ساڵی ٢٠٠٠دا مەرجی سەرپەرشتیکردنی پیاوان لە یاسای مەدەنی لاببەین، چونکە توانای گۆڕینیمان هەیە، ئەگەر دەقێکی پیرۆز بوایە نەماندەتوانی بیگۆڕین، تەنانەت نەماندەتوانی پێشنیاری هەموارکردنەوەیشی بکەین، بزووتنەوەی ژنانی باکووری کوردستان و تورکیا زۆر بە ڕاستی دەستوەردانی لە ماددەی سەرپەرشتیاری پیاوان لە یاسای مەدەنیدا کرد و سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینیدا.
”هێرش بۆ سەر یاسای مەدەنی”
هولیا گوڵبەهار ماوەی دوای ساڵی ٢٠١٠ی وەک وەرچەرخانێکی چارەنووسساز لە گفتوگۆکان سەبارەت بە ماف و یەکسانی ژنان هەڵسەنگاند، ئەو لێدوان و کردەوەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی لەو ماوەیەدا بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە بواری یەکسانی ڕەگەزی زانی و بزووتنەوەی ژنان توانی لە ڕێگەی خەباتەوە هێرشەکانی سەر یاسا بەرپەرچ بداتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە باکووری کوردستان و تورکیا دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەردۆغان لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ژنان لە کۆشکی دۆڵمە باخچە، ڕاگەیاندراوێک لەوێ درا کە تێیدا هاتبوو، بەهەر حاڵ باوەڕم بە یەکسانی ڕاگەزی نییە، هەنگاوەکانی دوای ئەو بەروارە بەشێوەیەکی بەرچاو لە باکووری کوردستان و تورکیا خێراتر بوون، تا ساڵی ٢٠١٠ هێرشی بەچەکیانە بۆ سەر مافەکانی ژنان هەبوو، بەڵام پرۆسەی چەسپاندنی تەواوەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی ئەنجامدرا، لە دوای ساڵی ٢٠١٠ بە پەسەندکردنی یاسای ٦٢٨٤ و ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ دەستیپێکرد، چونکە کارنامەکە داوای دەکرد، بەڵام وەڵامدانەوە بۆ ئەمە هەڵمەتی لەباربردن بوو.
پێی وایە ئەم هەنگاوانە ئامانجیان قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵە، وتی: ئەوان دەیانویست تۆڵە بکەنەوە، چونکە یاسای ژمارە ٦٢٨٤ لە داڕشتنی سەرەتاییدا پەسەند نەکرابوو، هەربۆیە ئێستا جێبەجێ ناکرێ، لە نێوان خراپتربوونی نایەکسانی لە دوای ساڵی ٢٠١٠، یاسای مەدەنی هەمیشە ئامانج بووە، بەڵام جێبەجێکردنی لە ئەنجامی خەباتی بزووتنەوەی ژنان دواخراوە و لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ماف و یەکسانی ژنان (EŞİK)ەوە هەموارکردنەوەی یاسای مەدەنی دواخستووە.
وتیشی: حکومەت چەندین ڕەشنووسی یاسای هەیە، لەوانە خێراکردنی ڕێکارەکانی جیابوونەوە و دانانی سنوورێکی کاتی بۆ نەفەقە؟ ئەمانە بەپێی بارودۆخی ئێستا ئامادە دەکرێن بۆ دەرکردن، ئێستا لەگەڵ پاکێجی دادوەری دوانزەهەم چاوەڕوانی بڕیارەکانی پەیوەست بە یاسای مەدەنی دەکەین، بەڵام لە پاکێجی پێنجەمەوە ئەمەمان دواخستووە، ئەم دواکەوتنە بۆ بەهێزی بزووتنەوەی ژنانی باکووری کوردستان و تورکیا دەگەڕێتەوە.
بۆچی لە ساڵی ٢٠٢٦دا باسی نەفەقە بۆ ژنانی جیابووەوە دەکەین؟
هولیا گوڵبەهار سەرنجی بۆ ئەو گفتوگۆیە بەردەوامانەی لە دەوری نەفەقە و نێوەندگیری و جیابوونەوەی خێرا ڕاکێشا و وتی: پراکتیزەکانی وەک نێوەندگیری خێزان هەڕەشەی دەربازبوون لە دادگا سەربەخۆکان دەکەن، بۆچی لە ساڵی ٢٠٢٦دا باسی نەفەقە بۆ ژنانی جیابووەوە دەکەین؟ بۆچی باس لە پاڵپشتی منداڵ دەکەین؟ بۆچی باس لە نێوەندگیری خێزان دەکەین؟ بە تایبەتی، چونکە نێوەندگیری خێزان، کە لە ئێستادا ئاراستەی پارێزەران و کەسانی بەڕواڵەت بێلایەن دەردەکەون، دەتوانێت پەرەبسێنێت بۆ سیستەمێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادگا سەربەخۆکان، کە ببێتە هۆی گەڕان بەدوای یاسا و دادپەروەریدا، سیستەمێکە کە دەکرێت ناڕەوا بێت بەرامبەر بە کرێکار بەرامبەر خاوەنکار، ژن بەرامبەر بە پیاو و منداڵ بەرامبەر بە تەمونەکان، کە هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنە نایەکسانەکاندا تێکدەچێت.
”جیابوونەوەی خێرا واتە سیستەمی جیابوونەوەی یەکلایەنە بۆ پیاوان”
هولیا گوڵبەهار، کە ڕایگەیاندووە، "جیابوونەوەیەکی خێرا" بابەتێکە کە دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٦دا باسی لێوە بکرێت، ئەم هۆشداریانەشی بڵاوکردەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیا جیابوونەوەی خێرا سیستەمێکی جیابونەوەی یەکلایەنەیە بۆ پیاوان، جیابوونەوە لە کاتی داواکردندا دەدرێت، لەکاتێکدا هەموو مافەکان بە نەفەقەشەوە، دواتر باس دەکرێن، بۆیە کاتێک جیابوونەوەکە یەکلایی بووەوە، بەو پێیەی ماڵی خێزانەکە بەزۆری بەناوی پیاوەکەوە تۆمار دەکرێت، هەم ژنەکە و هەم منداڵەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا خۆیان لەسەر شەقام دەبیننەوە بەبێ ئەوەی چارەنووسی نەفەقە بزانن، بۆیە دەبێت هەمووان وریا بن لە کەوتنە داوی جیابونەوەیەکی بەپەلە، بەم شێوەیە باسەکانی ئێستا سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای مەدەنی هێرشێکی دوولایەنە پێکدەهێنن: یەکەمیان ئامانجی چەسپاندنی یاسا لەسەر بنەما ئاینییەکان و دامەزراندنی سیستەمێکی پیاوسالارییە کە تێیدا پیاو سەرۆکی خێزان بێت، دووەمیان ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمە یاساییە سەربەخۆکانە، وەک مەرجی ئەوەی ڕێککەوتنی هاوسەرگیری بە موفتی بەڕێوەبچێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، ئەمەش هێرشێکی ڕاستی بۆ سەر سیستەمی یاسایی عەلمانی پێکدەهێنێت، هەروەها بەڕێکەوت نییە کە هاوکات بێت لەگەڵ سەدەمین ساڵیادی یاسای مەدەنی لە ساڵی ٢٠٢٦، ئەوان ئەمساڵ بەدوای تۆڵەسەندنەوە لە یاسای مەدەنی ساڵی ١٩٢٦ دەگەڕێن، هەر بۆیەش بەدوای داوای یاساییدا دەگەڕێن دژی ئەو ڕۆشنبیران و هونەرمەندانەی کە داکۆکی لە عەلمانییەت دەکەن، هەموو ئەم هێرشانە بەیەکەوە گرێدراون، چونکە هێرشکردنە سەر یاسای مەدەنی و هێرشکردنە سەر سیستەمی عەلمانی لەیەکتر جیا ناکرێتەوە و زۆر گرنگە کە هەردووکیان پێکەوە چاودێری بکرێت بەبێ یاسای مەدەنی عەلمانیەت نییە و بەبێ عەلمانییەت کۆمەڵگەی شارستانی و سیستەمێکی خێزانیی نییە.
”ڕێسایەک کە یاسای مەدەنی تێکدەدات... هاوسەرگیری لەلایەن موفتییەوە”
هولیا گوڵبەهار، کە هاوسەرگیری بە موفتی بە لادان لە سیستەمی یاسایی عەلمانی دەزانێت، ئاماژەی بەوەدا، ئەم جۆرە ڕێسایانە دەتوانن دەرگای فرەیی یاسایی بکەنەوە و بنەمای یاسای عەلمانی بۆ گەیشتن بە یەکسانی هاوڵاتیبوون پێویستیەکی دڵنیاییە و یەکێکە لەو پرسانەی کە زۆرترین هێرشی لەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆچی هاوسەرگیریی موفتی لە ساڵی ٢٠١٧دا یاسایی کرا؟ هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بە واتایەکی تر هەوڵێکە بۆ بەستنەوەی بەکارهێنانی مافە مەدەنییەکان بە میکانیزمێکی ئایینی، کە ئەوەش هەنگاوێکی بچووک نەبوو، بەڵکو بازدانێکی گەورە بوو، ئەو گۆڕانکارییە لە سیستەمێکی یاسایی عەلمانیەوە بۆ سیستەمێکی ئایینی ببێت، تەنها یەک یاسا دەتوانرێت لە هەر وڵاتێکدا هەبێت، ئەو یاسایە دەبێت عەلمانی بێت.
هولیا گوڵبەهار، پارێزەر لە کۆتای قسەکانیدا، وتی: زۆر گرنگە ئەو سیستمانەی دەرگای فرەیی یاسایی دەکەنەوە لەگەڵ ئازادی ئایین و باوەڕدا تێکەڵ نەکەین، گرنگترین تایبەتمەندی یاسای عەلمانی مسۆگەرکردنی یەکسانی هەموو هاوڵاتیانە لەبەردەم یاسا و لە جێبەجێکردنی کردەییدا، بەبێ جیاوازیکردن لەسەر بنەمای زمان، ئایین، نەتەوە، ڕەگەز، ئاراستەی سێکسی، یان ڕەگەز، هەروەها ناسنامە ئەگەر ئەم پێکهاتەیە هەڵبوەشێتەوە و مافی جێبەجێکردنی یاساکانیان بە هەندێک گروپ و بیروباوەڕ بدرێت، ئەوا یەکسانی هاوڵاتیبوون لەناو دەچێت.