دەرهێنەرێکی ئێران لە فێستیڤاڵی فیلمی کان پرسی ئازادی دەوروژێنێت
پگا ئاهەنگارانی فیلمی "تمرينات من أجل ثورة" "مەشقەکان بۆ شۆڕشێک" لە چوارچێوەی نمایشە تایبەتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کان پێشکەش کرد، باسی لە بارودۆخی سەختی ئێران کردو جەختی لە بەردەوامیی خۆڕاگری خەڵک سەرەڕای لەسێدارەدانەکان و فشار کردەوە.
ناوەندی هەواڵ
پگا ئاهەنگارانی، ئەکتەر و دەرهێنەری ئێرانی، ١٦ی ئایار لە فێستیڤاڵی فیلمی کان، فیلمە نوێیەکەی خۆی بە ناوی "تمرينات من أجل ثورة" "مەشقەکان بۆ شۆڕشێک" پێشکەش کرد، فیلمەکەی تەرخان کرد بۆ ئەو دایکانەی کە لە خەباتی ئازادیدا کوڕەکانیان لەدەستدا.
فیلمەکە لە بەشی پێشکەشکردنی تایبەت نمایشکرا، پگا ئاهەنگارانی پێش نمایشەکە لەگەڵ ئەکتەران و تیمەکەی لەسەر شانۆ دەرکەوت و لەوێ باسی لە بارودۆخی سەختی هاوڵاتیانی ئێران کرد، جەختی لە خۆشحاڵی خۆی کردەوە کە توانی لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە بەشێک لە خەباتی گەلی ئێران بۆ ئازادی و دیموکراتی بگوازێتەوە.
ئاماژەی بەوەدا، کە ئێران بە "کاتی سەخت"دا تێدەپەڕێت، کە بە داخستنی بەربڵاوی ئینتەرنێت و پەرەسەندنی فشارە ئەمنییەکان و ڕژێمی بەردەوامی لەسێدارەدان و سێبەری شەڕ دیاریکراوە، سەرەڕای ئەمەش گەل بەردەوامە لە خۆڕاگری و وەستانەوە بۆ ئازادی.
ڕوونیکردەوە، خۆڕاگریی هاوڵاتیانی ناڕازی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم دۆخە بەردەوام نابێت، هاوڵاتیانی ئێران دواجار ئەو ئازادییە بەدەستدەهێنن کە بەدوایدا دەگەڕێن.
نمایشکردنی فیلمی "تمرينات من أجل ثورة" "مەشقەکان بۆ شۆڕشێک" لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە هونەرمەندان و سینەماکارانی ئێرانی لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران سوودی لێ وەردەگرن، بەتایبەتی دوای شۆڕشی ساڵی ٢٠٢٢ کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە بازنەی فەرهەنگی و میدیایی جیهانیدا دەنگی دایەوە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان یەکێک لە فێستیڤاڵە سینەماییە بەناوبانگەکانی جیهانە و بەشداریی سینەماکارانی ئێرانی لەوێ وەک زیاتر لە ڕووداوێکی هونەری سەیر دەکرێت، کە زۆرجار دەبێتە کەشی وروژاندنی پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافەکانی مرۆڤ کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.