لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ٣٤ هەزار و ٧٠٣ منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون

سەمیرا حاج عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێربوونی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە ٣٤ هەزار و ٧٠٣ خوێندکار لە خوێندن بێبەش کراون و ڕایگەیاند، مافی منداڵان پێشێل کراوە.

ڕۆنیدا حاجی

 

ڕەققە- لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چوار هەزار و ١٤٢ خوێندنگە خوێندنیان بۆ ٨٣١ هەزار و ٨٤٩ خوێندکار دابین دەکرد و سیستمی خوێندن بە بەردەوامی بەڕێوە دەچوو، شەوی ٢٧ی تشرینی دووەم بە هێرشی چەتەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر حەلەب، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر ناوچەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئەنجامدا هەزاران کەس جارێکی تر کۆچبەر بوون، بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران منداڵ خوێندنگەیان بەجێهێشت و لە خوێندن بێبەش کران، تەنها لە شەهبا ١٤ هەزار خوێندکار لە ٦١ خوێندنگە دەیانخوێند، بەڵام ئێستا لەبری ئەوەی بچنە خوێندنگە کۆچ دەکەن.

 

سمەیرا حاج عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێربوونی باکوورو ڕۆژهەڵاتی دۆخی خوێندنگەکانی بۆ دەزگاکەمان هەڵسەنگاند.

 

"هێرشەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر سیستەمی پەروەردە هەیە"

سەمیرا حاج عەلی ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەزاران خوێندکار لە خوێندن بێبەش بوون و وتی: لە سەرەتای ساڵی خوێندندا خوێندکاران زۆر بە ئاسانی دەچوونە خوێندنگەکان و بەشێوەیەکی ئاسایی درێژەیان بە خوێندن داوە، کار و چالاکییە پەروەردەییەکان زۆر بە باشی و بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە بەڕێوەچوو، بەڵام لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر سیستمی پەروەردە دروست بوو، هەزاران خوێندکار بێ خوێندن مانەوە و زۆرێک لە خوێندنگەکان داخران، لە زۆرێک لە ناوچەکان بە هۆی هێرشەکانی سەر شەهباو مەنبج و حەلەب کاریگەرییەکی زۆر لەسەر سیستمی پەروەردە هەبوو، خوێندنگەکان داخران و کۆچبەران لەو خوێندنگەکان داندران.

 

"١٣٤ هەزار و ٧٠٣ خوێندکار لە خوێندن بێبەش کران"

سەمیرا حاج عەلی سەرنجی بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕاکێشا و وتی: لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا چوار هەزار و ٦١ خوێندنگە هەبووە و کۆی گشتی خوێندکار ٨٣١ هەزار و ٨٤٩ خوێندکار هەبوون، بەڵام دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ١٣٤ هەزار و ٧٠٣ خوێندکار لە خوێندن بێبەش کران و ٤١٥ خوێندنگەش داخران. ژمارەی خوێندکاران لە حەلەب هەزارو ٤٤٧ خوێندکارە، سێ خوێندنگە لەوێ هەبووە، ١٤ هەزار خوێندکار لە ٦١ خوێندنگەی شەهبا خوێندوویانە، هەروەها لە مەنبج ٣٥١ خوێندنگە هەبوون.

 

١٥١ خوێندنگە  بۆ کۆچبەران کرانەوە

سەمیرا حاج عەلی ئاماژەی بەوەکرد، خۆبەڕێوەبەری هەموو دەرفەتەکانی خۆی بۆ خزمەتکردنی کۆچبەران بەخشیوەو وتی: بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەزاران کەس ناچاربوون کۆچ بکەن، بۆ ئەوەی کۆچبەران لەخۆ بگرێت، خۆبەڕێوەبەری هەموو سەرچاوەکانی خۆی بۆ خزمەتکردنی کۆچبەران بەکارهێنا، بۆیە پێویست بوو ١٥١ خوێندنگە بۆ کۆچبەران چۆڵ بکرێت، ٦٠ خوێندنگە لە تەبقە، ٧١ خوێندنگە لە ڕەققە و ٢٠ خوێندنگە لە کانتۆنی جزیرە بۆ کۆچبەران ئامادە کران، بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستمی پەروەردە دەبێت، چونکە ژمارەی خوێندکاران زیاد دەکات و خوێندنگەکان کەم دەبنەوە.

 

"دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات"

سەمیرا حاج عەلی ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کۆمەڵکوژی لە دژی منداڵانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی کۆمەڵکوژی دژی منداڵان ئەنجام دەدەن، لە عەین عیسا و کۆبانێ منداڵان کوژران، لە هەمانکاتدا هەزاران خوێندکار لە خوێندن بێبەش بوون، لە خەونەکانی منداڵییان دابڕان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین گرنگی بە مافەکانی منداڵان بدات و داوای لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بکەن، چونکە تاوان ئەنجام دەدات و یاساکان پێشێل دەکات و زیانێکی زۆر بە بەها ڕەوشتییەکان دەگەیەنێت.