لە ڕاپەرین کەمپەینی "هاوکاری و هاوپشتی بۆ ڕۆژئاوا" بە کۆکردنەوەی دەیان هەزار دۆلار و سەدان ملیۆن دینار کۆتایی هات
ئەنجومەنی گەلی ڕاپەڕین، ئەنجامی کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندو ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی هەشت ڕۆژدا هاوڵاتیانی سنوورەکە نموونەیەکی بەرزی یەکێتی نەتەوەییان تۆمار کردووە و بڕێکی زۆر پارە و پێداویستییان پێشکەش کرد.
ئیدارەی ڕاپەرین
لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، دوێنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەنجومەنی گەلی ڕاپەڕین کۆتاییهاتنی کەمپەینی "هاوکاری و هاوپشتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان"ی ڕاگەیاند. ئەم کەمپەینە کە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆیی بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا بوو، بە بەشدارییەکی فراوانی جەماوەری کۆتایی پێهات.
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا، هاوڕێ کاسترۆ، بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنەکە، وێڕای سوپاسکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ گەیاندنی دەنگی کەمپەینەکە، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی میدیا لە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لەم ئەرکە نیشتمانییەدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا، شاڵاو چۆمانی، ئەندامی دەستەی کەمپەینەکە وردەکاری ئەو هاوکارییانەی خستەڕوو کە لەلایەن دانیشتوانی شارۆچکە و شارەدێیەکانی سنووری ڕاپەڕینەوە بەخشراون.
بەپێی ئامارەکان، هاوکارییەکان بەم شێوەیە بوون:
پارەی نەقد: ١٣٥ ملیۆن و ٢ هەزار دیناری عێراقی، ٧٦ هەزار و ٤٦٠ دۆلاری ئەمەریکی، ١٠٠ پاوەندی بەریتانی و ٢٥٠ یۆڕۆ.
خۆراک: ٣٠ تەن (بە باری ٣ بارهەڵگر).
دەرمان و پێداویستی پزیشکی: ٢٥ تەن (بە باری ٣ بارهەڵگر).
کەلوپەل: ١٢ تەن کەلوپەلی ناوماڵ و جلوبەرگ (بە باری ٢ بارهەڵگر، کە ١٢٧ فەرشی ٣ بە ٤ لەخۆدەگرێت).
د. ئارام قادر، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی کەمپەینەکە، لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەڵمەتە هەشت ڕۆژییە تەنها کۆکردنەوەی کۆمەک نەبوو، بەڵکو سەلماندنی ئیرادەی گەل بوو، ئەم هەڵمەتە سەلماندی کە گەلی کورد خاوەن ئیرادەیە و لە کاتی تەنگانەدا وەک یەک جەستە هاوخەم و هاوپشتی یەكترن. جارێکی تر بە دوژمنانمان نیشاندا کە گەلی کورد ناشکێت و ئەمەش ئەزموونێکی گرنگ بوو بۆ یەکڕیزی گەلەکەمان.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەک وەفایەک بۆ گیانبازییەکان، سڵاو و ڕێز بۆ گیانی شەهیدی خۆبەخش "ئەحمەد کەرکوکی" و سەرجەم شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان نێردرا.
ئەنجومەنی گەلی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەدا کە هەموو چین و توێژەکان، لە منداڵانەوە کە دەخیلەکانیان بەخشیوە تا دەگاتە وەبەرهێنەران، پزیشکان، کاسبکاران، هێزەکانی ناوخۆ و ڕەوەندی کوردی، بەشدارییەکی کارایان هەبووە.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنەکە بەڵێنی بەردەوامی تێکۆشان و پشتیوانی بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە بەمزووانە لە نامیلکەیەکی تایبەتدا ناوی سەرجەم بەخشەران بە بەڵگەنامەوە بڵاودەکەنەوە.