لە ڕانیە و هەولێر بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم چالاکی بەڕێوەدەچێت

لە دریژەی ئەو چالاکیانەی بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت، لە شاری ڕانیە و هەولێر لەچەند چالاکییەکی جیادا مەترسی و زیانەکی هاوسەرگیری پێشوەختە و توندوتیژییەکانی سەر ژنان هەروەها ڕێژەی کوشتنی ژنان خرایەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

لە شاری ڕانیە دوو چالاکی جیا بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم و بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو، لە پەیمانگەی سایەی ناحکومی سیمینارێک لەسەر دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختەو دەرەنجامە ترسناکەکانی ئەو سزایانەی کە ڕووبەڕووی بکەرانی ئەو دیاردەیە دەبێتەوە بەڕێوەچوو، سیمینارەکە لە لایەن پارێزەر تاڤان حەکیم و ڕێنماییکاری دەروونی یوسف پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

چالاکی دووەم  لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستان و ڕێکخراوی "Pdo" ڕێکخرابوو، لەو بارەیەوە ئاشنا حەسەن بەرپرسی لقی ڕانیەی یەکێتی ژنان بۆ نوژنها وتی: " لە یانەی وەرزشی ڕانیە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بەڕێوەچوو، منیش بە بەشداری فۆتۆیی توندوتیژییەکانی سەر ژنانم نیساندا، هەروەها هاوشاریانیش بەشداربوون".

 

لە شاری هەولێریش کە چالاکی جۆراوجۆر بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەدەچێت، ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی لە پێشانگایەکی سێ ڕۆژەدا بە فۆتۆ "کوشتنی ژنان به بیانوی شەرەف"، پیشان دەدات و ڕێکخراوەکە دەڵێت: "دەزانی ٤١ ژن لە ساڵی ٢٠١٩ کوژراون؟".