لە ٪٨٤.٢ی ژنانی سەرکردە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە

لە درێژەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوی توندوتیژی دژی ژنان، ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەنجامی ڕاپرسییەکی تایبەت لەسەر ڕێژە و جۆری توندوتیژییەکانی سەر ژنانی سەرکردە خستەڕوو.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە ناوەندی ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق بە دروشمی "بوێری سەرکردە"، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەست، کە ئامانجی ئەکادیمیاکە پاڵپشتیکردنی ژنانی سەرکردەیە لەو هێرشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بە تایبەتی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

 

ئەشواق جاف، ئەندامی ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەنجامی ڕاپرسییەکی ئاشکرا کرد کە تاچەند ژنانی سەرکردە ڕووبەڕووی کێشە و گرفت بوونەتەوە لە ماوەی بوون بە سەرکردەیدا، ئەم ڕاپرسییەش لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا دەستی پێکرد و تا ١٠ی کانوونی یەکەم بەردەوام بووە.

 

ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەدا ئەو ئەنجامەی کە دەرکەوتووە سەبارەت بە ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی ئەنجامێکی مەترسیدارە، لەگەڵ ئەوە ژنانی سەرکردە بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنە و قسەی نەشیاوی کۆمەڵگا دەبنەوە بەڵام بەردەوامن لە کار و چالاکییەکانیان، ئەو توندوتیژی و هێرشانەی دەکرێتە سەر ژنان، هەندێک کات دەبێتە هۆی پەکخستنی کارەکانیان بە جۆرێک وا لە چواردەور و خێزانەکانیان دەکەن پاڵپشتییان نەکەن، توندوتیژی دەروونیش بەشێکی دیکەیە بەردەوام دەکرێتە سەر ژنان.

 

ئەو ئەندامەی ئەکادیمیاکە، باسی لەوەشکرد، "ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان بەڵێنی پاڵپشتیکردنیان دەدەن، هیچ نەبێت لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە هەوڵ دەدەن فشار دروستبکەن بۆ ئەوەی چیتر توندوتیژی نەکرێت، هەروەها بە پێویستی دەزانین ژنانی سەرکردە پاڵپشتی یەکدی بن تا چیتر ژنان لە بوون بە سەرکردە سڵ نەکەنەوە".

 

لە کۆنگرەکەدا ئەنجامی ڕاپرسییەکە ڕاگەیەندرا کە بەم شێوەیە بوو:

ژمارەی بەشدارانی ڕاپرسییەکە ٧٦ ژن بوون و کە تەمەنیان لە نێوان ٢٥-٦٠ ساڵیدا بووە.

لە ٪٨٤.٢ی ژنانی سەرکردە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، کە ڕێژەی لە ٪٦٤ لە ڕێگای دەروونی و هەراسانکردنی ئەلەکترۆنییەوە بووە.

 

لە ٪٥٢.٨ی ژنەکان دەڵێن توندوتیژییەکان ڕێگرن لەسەر کارکردنیان بەڵام ٪٣٣.٣ دەڵێن تا ڕادەیەک ڕێگرن بەڵام ئەرکەکانیان قورستر کردووە.

ژنانی سەرکردە دەڵێن لە ٪٥٠ بە توانا و لێهاتووی و لە ٪٤٩ دەڵێن بە متمانە بە خۆبوون دەتوانیت ببیتە سەرکردەیەکی سەرکەتووە.

 

لە ٪٩٨.٧ دەڵێن ئامادەین لە ئێستا و داهاتوو پشتگیر و پاڵپشتی ژنان بین بۆ بوون بە سەرکردە هەروەها، لە ٪٨٢.٩ی ژنانی سەرکردە ئامادەییان تێدایە بۆ پاڵپشتی لە ژنانی دیکە و بێ لایەن بڕیار بدەن.

 

تەنها لە ٪١٨.٤ لەوژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە سکاڵایان تۆمار کردووە و لە ٪٩.٢ی کێشەکانیان چارەسەر نەبووە و ڕێگریان بۆ دروستبووە، لە ٪١٤.٥یان بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

 

لەگەڵ بوونی ئەو هەموو ئەرک و قورساییە لە ٪٧٧.٦ لەو ژنانە بەردەوام بوون لە کارەکانیان، ئەمەش وای کردووە فشارەکان زۆرینەی ببنە دەروونی، قورسای بۆسەر خۆیان و ترس بۆ ژنانی دیکە لە هەوڵدان بۆ بوون بە سەرکردە.

 

ت.پ