لە ٥٠٪ی نەخۆشخانەکانی ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگی پەیوەندیدار بە پارێزراوی دەبنەوە
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری چارەسەرکردن ئاشکرای کرد، کە بە نزیکەی نیوەی نەخۆشخانەکانی وڵات بەدەست نەبوونی پێوەرەکانی پارێزراوییەوە دەنالێنن بەهۆی کۆنی و کەمی پێکهاتەیییەکانەوە.
ناوەندی هەواڵ
سجاد ڕەزەوی، جێگری وەزیری تەندروستی بۆ کاروباری چارەسەرکردن، ٢ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، کە نزیکەی نیوەی نەخۆشخانەکان لە ئێراندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی پەیوەندیدار بە پارێزراوی و ئاسایش دەبنەوە بەهۆی کۆنیی بیناکان و کێشە پێکهاتەیییەکان، ئەمەش بارودۆخێکە کە مەترسیی کەوتنەوەی ئاگر لە هەندێک لە مەڵبەندەکاندا دەکات بە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر نەخۆشەکان و کارمەندان.
جێگری وەزیری تەندروستی بۆ کاروباری چارەسەرکردن لە ئێران، لە کاتی کۆنگرەی هەفتەی جیهانیی سووتان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بۆ گۆڕین و نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی نزیکەی ٥٠٠ نەخۆشخانە، توانا داراییە داواکراوەکان پێش دوو ساڵ بە زیاتر لە ٥٠٠ هەمەت (نزیکەی ١.٨٤ ملیار دۆلار) مەزەندە کرابوون، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووەکاندا، ئەم ژمارەیە ئێستا گەیشتووەتە نێوان ٨٠٠ بۆ ٩٠٠ هەمەت (واتە نزیکەی ٣.٣ ملیار دۆلار)، هەروەها هەندێک لە نەخۆشخانەکان تەنانەت مۆڵەتی پێویستیشیان نییە، سنورداربوونی سەرچاوە داراییەکان ڕێگەی نەداوە بە چاککردنەوەی ئەم مەڵبەندانه و نۆژەنکردنەوەیان لە یەک کاتدا.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئاشکرای کرد لەسەر کەمبوونی توانای وەرگرتن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی سووتان، بە ئاماژەدان بەوەی کە ژمارەی تەختی سووتان لە ئێراندا یەکسانە بە نزیکەی نیوەی پێوەرە ستانداردە داواکراوەکان، ئێستا لە وڵاتدا ١٣ مەڵبەندی سووتان لە ئاستی سێیەم و ٢٣ مەڵبەند لە ئاستی دووەمدا کار دەکەن، بەڵام هەندێک لە شارەکان تا ئێستاش بێبەشن لە مەڵبەندە پسپۆڕییەکان و تەختی چاودێریی چڕی بەس.
بەپێی لێدوانەکانی سجاد ڕەزەوی، ساڵانە نزیکەی ٣٠٠ هەزار حاڵەتی سووتان لە ئێراندا تۆمار دەکرێن، کە نزیکەی ٣٠ هەزار کەسیان پێویستیان بە چوونە نەخۆشخانە هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لە کاتێکدا نزیکەی سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستدەدەن، هەروەها باسی لە بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی نەخۆشخانەیی کرد لە بەشەکانی سووتاندا، لاوازیی پشتیوانیی چارەسەری و دەروونی و کۆمەڵایەتیی پێشکەشکراو بە نەخۆشەکان پاش دەرچوونیان لە نەخۆشخانە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە کۆنبوونی ژێرخانە چارەسەرییەکان و کەمبوونی دەرفەتە پسپۆڕییەکان، سەرباری کەمکردنەوەی توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، دەبێتە هۆی خستنە مەترسیی پارێزراوی ئەو نەخۆشانەی کە توانای جووڵە یان چاودێریی سەربەخۆیان نییە، بۆ سەر مەترسیی جیاواز.