ژنانی ئەفغانستان دژی دانپێدانانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە حکومەتی تاڵیبان ڕێپێوانیان ئەنجامدا

ژنانی ئەفغانستان سەرەڕای سەرکوتکردنی توند دژی دانپێدانانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە حکومەتی تاڵیبان ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی ئەفغانستان ڕۆژی شەممە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ڕێپێوانیان کرد و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە فەرمی دان بە حکومەتی تاڵیباندا نەنێت کە بڕیارە کۆبوونەوەکە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت، زیاتر لە ٢٠ ژن سەرەڕای سەرکوتکردنی توندتر لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە بۆ سەر ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان.

 

لە میانی ڕێپێوانەکەدا، خۆپیشاندەران دروشمی ئەوەیان بەرزکردەوە کە بۆ مافەکانیان دەجەنگن و دەمرن و نەتەوە یەکگرتووەکانیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە دانپێدانانی تاڵیبان پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە.

 

کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئەفغانستان کە بڕیارە لە ١ و ٢ی ئایار لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەفغانستان و بە تایبەتی ژنانی لێکەوتەوە، بڕیارە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان میوانداری گفتوگۆیەکی داخراو بکات لەگەڵ چەند وڵاتێک سەبارەت بە ڕێبازەکانی دۆخی سیاسی ئەفغانستان، تا ئێستا لیستی ئەو وڵاتانە بڵاونەکراوەتەوە کە بڕیارە بەشداری بکەن، بەڵام ستیفان دوجاریک وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی پشتڕاستی کردەوە کە تاڵیبان بانگهێشت نەکراوە.

 

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەکەی بە ڕێگەیەک وەسف کرد بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە دەوری ئامانجە هاوبەشەکان بۆ ڕێگەیەکی بەردەوام بۆ پێشەوە سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان، خۆپیشاندەران ڕۆژی شەممە داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دان بە تاڵیباندا نەنێت وەک حکومەتی ئەفغانستان.

 

لەو کاتەوەی کە تاڵیبان لە سەرەتای مانگی نیساندا ژنانی کرێکاری لە کارکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغە کرد، ئاڵۆزییەکان لەنێوان ئەفغانستان و نەتەوە یەکگرتووەکاندا زیاتر بوون، دوابەدوای قەدەغەکردنەکە نوێنەرایەتیی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان یونامی ڕایگەیاند کە بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ئەفغانستان.

 

قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، دوایین سەرکوتکردنی ژنانی ئەفغانی بوو لەلایەن تاڵیبانەوە، پێشتر لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، تاڵیبان چوونە زانکۆی ژنانی قەدەغە کردبوو، هەر لەو هەفتەیەدا تاڵیبان فەرمانی بە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە دامەزراندنی کارمەندانی ژن ڕابگرن.