لە ٢٠٢٥ زیاتر لە ٣٦ هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە عێراقدا تۆمار کراوە

ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٥ ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ٣٦ هەزار و ٢٨٩ حاڵەت تۆمار کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری توندوتیژی خێزانی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لە عێراقدا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەم ئامارە تەنها لەو داتایانە پێکهاتووە کە تۆمارکراون و کەسەکان بوێرییان هەبووە سکاڵا تۆمار بکەن، ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەم ئامارە زیاترە.

 

بەپێی ئامارەکانی ڕوانەگەکە، ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی لە عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسییدار، بە جۆرێک ٣٦ هەزار و ٢٨٩ حاڵەت تۆمار کراون، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ کە ١٤ هەزار حاڵەتی تێدا تۆمارکراوە، توندوتیژییەکان لە ٢٠٢٥ـدا بە ڕێژەی ١٥٠٪ زیادی کردووە.

 

لە ئامارەکەدا ئاماژە بە توندوتیژییەکانی نێوان هاوژینان دراوە بە جۆرێک: ١٩ هەزار و ٥٨٧ حاڵەتی دەستدرێژی پیاوان بۆسەر ژنان و پێنج هەزار و ٩١٨ حاڵەتی دەستدرێژی ژنان بۆسەر پیاوان تۆمار کراوە.

 

سەبارەت بە توندوتیژی دژی دایک و باوک، سێ هەزار و ١١٢ حاڵەت لەلایەن کوڕان و ٥٣١ حاڵەت لەلایەن کچانەوە ئەنجامدراون، لە نێوان خوشک و براکانیشدا، هەزار و ٥٨٣ حاڵەتی دەستدرێژی برا بۆ سەر خوشک و ٧٢٥ حاڵەتی دەستدرێژی خوشک بۆ سەر برا هەبووە، هەروەها توندوتیژی دژی منداڵان گەیشتووەتە هەزار و ٢٨٢ حاڵەت لەلایەن باوکان و ٥٥٩ حاڵەت لەلایەن دایکانەوە، جگە لە دوو هەزار ٩٩٢ حاڵەتی توندوتیژی جۆراوجۆری دیکە.

 

ڕوانگەکە هۆکاری ئەم هەڵکشانی توندوتیژییەی بۆ نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و بوونی مادەی ٤١ لە یاسای سزادانی عێراقی گەڕاندووەتەوە کە ڕێگە بە “مافی تەمێکردن” دەدات.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کە کەمی شێڵتەرە حکومییەکان و گوشارە عەشایەرییەکان وای کردووە زۆرێک لە قوربانییان لە ترسی بێدەرەتانی بێدەنگ بن، کە ئەمەش مەترسی دروستبوونی نەوەیەکی توندوتیژ لە داهاتوودا زیاد دەکات.