لە ٢٠٢١دا لە گەرمیان تاوانەکان زیادیکردووە
بەپێی ئاماری پۆلیسی گەرمیان، لەماوەی ساڵی ۲۰۲۱ دا، هەزار و ٦٢٠ تاوانی جۆراوجۆر لە سنوورەکەمئەنجامدراوه و تێیدا ۱۲ کەس کوژراون.
بەپێی ئاماری پۆلیسی گەرمیان، لەماوەی ساڵی ۲۰۲۱ دا، هەزار و ٦٢٠ تاوانی جۆراوجۆر لە سنوورەکەمئەنجامدراوه و تێیدا ۱۲ کەس کوژراون.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٠ی کانونی دووەم بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا و لە ڕێگەى عەلى جەمال قدورى وتەبێژى بەڕێوەبەراییەتیەکەیان ئامارى تاوان و چالاکیەکانیان لەماوەى ساڵی ۲۰۲۱ خستەڕوو.
ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی ڕابردوو ١٢ کەس لە ڕەگەزی نێر کوژراون و هەشت حاڵەتى خۆکوشتن تۆمارکراوە، کەسێکیش بەهەڵە کوژراوە و ٤۳٨ شەڕی جۆراوجۆر کراوە و دوو حاڵەتى دزینى ئۆتۆمبێل هەبووە و ۳۰۳ دزی گەورە و بچووککراوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، لەو ساڵەدا ۱۳حاڵەتی ڕفاندن، ۱۹۰ حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی، ٣٣ ڕووداوى ساختەکاریی، ۱۰ حاڵەتی بەدڕەوشتی، ۱٦٥تاوانی فێڵکردن، ۲۹۷ حاڵەتی هەڕەشەکردن تۆمارکراوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا عەلى جەمال قدورى ئاماژەى بەوەشکرد: لەماوەى ساڵى ٢٠٢١ دا بەشێوەیەکى گشتى هەزار و ٦٢٠ تاوان ئەنجامدراوە و بەراورد بەساڵی ۲۰۲۰، تاوانەکان لە ساڵى ڕابردوودا بە ڕێژەى ٥۳۰ تاوان زیادیکردووە.
جێگای ئاماژەیە، ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنانەوە ڕادەگەیەندرێت و لە ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی پێنەکراوە.