کەژەکە: وەرن دژی شەڕ و توندوتیژی و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی سێکسی خۆمان بەڕێکخستن و کۆمۆن بکەین

کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە راگەیەندراوێکدا بە نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت: ەرن دژی شەڕ و توندوتیژی و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی سێکسی خۆمان بەڕێکخستن و کۆمۆن بکەیین،

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیەنەدراوی کەژەکە بەم شێوەیەیە:

لە بەرخۆدانی خوشکانی میرابال، کە بە بەرخۆدانی خۆیان بوونە هۆکاری ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ـی تشرینی دووەم، هەروەها تا ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، ساکینە جانسز، ناگیهان ئاکارسەل، گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین، ئاسیا، سەڤە، پاکیزە، فاتمە، دەنیز پۆیراز، ئەڤین گۆیی، هەڤرین خەلەف، زەلال حەسەکە، پەلین، ساڵیحا، نەسرین ئامەد، نارین گوران و ڕۆژین کابەش، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسەوە هەموو ئەو ژنانە بەبیردێنینەوە کە بە توندوتیژی پیاوی باڵادەست کوژراون. بەڵێن دەدەین کە خۆشەویستی ژیان و ئەو میراتی تێکۆشان و بەرخۆدانەی کە ئەوان بۆیان بەجێ هێشتووین، بە جیهانێک کە ئاشتی بەرقەراربێت، لەسەر بنەمای دیموکراسی و بەها ئیکۆلۆژییەکان و ئازادی ژنان تاجدار بکەین.

 

توندوتیژی ڕاستییەکە کە پیاوی باڵادەست دژی ژنان ئەنجامی دەدات، کە لە کاتە جیاوازەکان و لە زۆر بوارەکانی ژیاندا دەبینرێت و دەبێتە هۆی برینی قووڵی جەستەیی و دەروونی. ژنان ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دڕندەترین شێوەکانی ئەم توندوتیژییە دەبنەوە. بەتایبەت توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی لە هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا ڕوویان داوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە تا دێت ئاسایی دەبێتەوە و نابیندرێت و سەرنج ناخرێتەسەریان.

 

ژنان، بەبێ گوێدانە تەمەن، پیشە، نەتەوە، ڕەنگ و پێگەی کۆمەڵایەتی، هێشتا قوربانی ئەم توندوتیژییەن. لەوانەیە منداڵێکی ساوای وەک سیلا، منداڵێکی وەک نارین، گەنجێکی وەک ڕۆژین، دایکێکی وەک تایبەت ئینان، ژنێکی کە لە پەرلەمان کاردەکات وەک ساڵیحا ئاکاش، ئیکۆلۆژیستێکی وەک ئارێڤالۆ لۆماسی تەمەن ٨٩ ساڵ و خەڵکی پیرۆ کە دەیەوێت دارستانەکانی بپارێزێت، ژنێکی درووزی وەک فەوزیە شارانی کە دژی چەتەکانی هەتەشە لە سووریا بەرگری لە گوندەکەی دەکات یان ژنانی پێگەی جیاواز لە شوێنی جیاواز. بەڵام هیچ کام لەم ناسنامانە بەس نین بۆ ئەوەی بمانپارێزن لە توندوتیژی ڕێکخراو و هەراسانکردن و دەستدرێژی لەلایەن پیاوە باڵادەستەکانەوە.

 

هەرچەندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی لە زیادبووندایە، بەڵام لە ڕاستیدا ساڵی ٢٠٢٥ ئەو ساڵە بوو کە توندوتیژی لە ژێر وێرانکاریی شەڕەکانی چوار لای جیهان لە بەرزترین ئاستی خۆیدا ئەزموون کرا. کۆمەڵکوژییەکانی درووزەکان و عەلەوییەکان لە سووریا و شەڕی بەردەوامی غەزە، توندوتیژیی قووڵتر کردووەتەوە کە جیهان تێیدا نوقم بووە. هەرچەندە ساڵەکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ژمارەی توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەکان زۆر زیاتر بووە لە ساڵانی پێشوو. نزیکەی ٨٦ هەزار ژن و کچ لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون، لەو ژمارەیەش نزیکەی ٥٢ هەزاریان وەک کوشتن لەلایەن ئەندامانی خێزان و کەسە نزیکەکانییەوە تۆمارکراون. بەم ژمارەیە دەردەکەوێت ماڵ و خێزان کە بە "پیرۆز" ناسێنراون، لە سەرانسەری جیهاندا وەک مەترسیدارترین شوێن بۆ سەر ژنان دەستنیشان کراوە.

 

بۆ تێگەیشتن لە ڕادەی توندوتیژی ڕێکخراو لە دژی ژنان، بەسە کە لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی ژنانی هەموو وڵاتان بکەین. لە سەرەتای ساڵدا، لە عێراق، هەوڵدرا بە "یاسای باری کەسی" ئەو دەستکەوتانەی ژنان بەدەستیان هێناوە، بەهێڵن. دوای تورکیاش، لاتیڤیا کشانەوەی خۆی لە پەیمانی ئەستەنبوڵ ڕاگەیاند. لە ئەفغانستان تەلارسازی خانووەکان بە شێوەیەک دیزاین کران کە ژنان هەرگیز ڕووناکی ڕۆژ نەبینن. لە تورکیا لە مزگەوتەکاندا ئەو وتارانە دران کە دەیانگوت "ژنێک قۆڵ و سنگی ڕووت بکاتەوە کافرە، دەبێت ژنان نیوەی میراتی پیاوان قبوڵ بکەن". لە ئێرانیش زیاتر لە ٨٠٠ ژن لە سێدارە دراون.

 

دەوڵەتی پیاوسالار هەوڵ دەدات هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ بکات، هەر لەوەی کە ژن چی لەبەر دەکات، چۆن زەردەخەنە دەکات، چی دەخوات، چۆن و لەگەڵ کێ بژێت، تا چەند منداڵی هەبێت، ئەو ژنانەش کۆمەڵکوژ دەکات کە لە دەرەوەی ئەو سنوورانە هەنگاو دەنێن. ژنان لە باڵکۆن و پەنجەرەوە ناکەون و لە ئاودا ناخنکێن و خۆیان ناسوتێنن و خۆیان ناکوژن. دەزانین لە پشت ئەم درۆیانە توندوتیژییەکی شاراوەی پیاوانە هەیە. ئەو ڕاستییەی کە هێشتا زۆرێک لە وڵاتان لە پێناسەی خۆیان بۆ دەستدرێژی و توندوتیژی ڕوون نین، ئەم دۆخە هاندەری توندوتیژی پیاوە باڵادەستە. هەرچەندە لە پرۆفایلەکاندا پیاوێک نیشاندەدەن کە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، بەڵام گرنگە مرۆڤ بزانێت کە لە پشتییەوە عەقڵییەت و سیاسەتی دەوڵەت هەیە. ئێمە دەزانین کە توندوتیژی دژی ژنان لە لایەن عەقڵییەتی دەوڵەتی پیاوسالارانەوە دەکرێت، بنەمای ٢٥ـی تشرینی دووەم وەستانەوەیە لە دژی ئەو توندوتیژییەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێت.

 

وەرن با بە "ژن، ژیان، ئازادی" بە سیاسەتەکانی شەڕ و هێرشەکان بڵێین "بووەستە"

بینینی ڕاستییەکانی پشت پرۆفایلەکە دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. گرنگە بزانین توندوتیژی دژی ژنان لە پشت ئەو قەیرانانەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیان، ئیکۆلۆژی، ئابووری، تەندروستی و پەروەردەدا هەیە. ڕێبەر ئاپۆ لە مافیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەڵێت "یەکەمین کێشەی کۆمەڵایەتی بە کۆیلەکردنی ژنان لەلایەن بکوژانی قەستییەوە دەستی پێکردووە" و هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە کوێوە پێویستە دەست بکەین تا کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ چارەسەر بکەین.

بکوژانی قەستی لە کۆندا بە سووتان و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە شمشێر و ئەمڕۆش بە پیشەسازی ژنان بۆ قازانج دەقۆزێتەوە. بە واتایەکی تر لە هەر سەردەمێکدا دەمامکێکی نوێ لەبەر دەکات، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمیشە وەک هەمان بکوژ لەناوماندا دەژێت. ئەم بکوژە بۆ ئێمەی ژن هەندێک جار بە ڕیش و شمشێرەوە، هەندێک جار با چاکەت و ڕیباتەوە، هەندێک جار وەک سەرۆکی چەتەیەک، هەندێک جار وەک سەرۆکی دەوڵەتێک دەردەکەوێت. بۆیە ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی کە ژنان لەگەڵ ژنانی دیکە پەرەی پێدەدەن، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی پاراستن و یەکسانی لە دەوڵەت کە خۆی ئەکتەری سەرەکی توندوتیژییە، گەورەترین پارێزگارییە بۆ ژنان. ئەوەی ژیان و پاراستن بە ژنان دەبەخشێت، هێزی بەڕێکخستنکراوی ژنان و ژیانی کۆمۆنە. بۆ ئەم مەبەستەش دژی ئەو سیستەمەی کە توندوتیژی دژی ژنانی گەینادووەتە ئاستی شەڕ، لە دژی کۆمەڵکوژیی و کۆیلایەتی، دەبێت بە "ژن، ژیان، ئازادی" خۆیان بەڕێکخستن بکەن و لە کۆڵان و گۆڕەپانەکاندا ئەم توندوتیژییانە شەرمەزار بکەن.

 

ئەم شەڕە، شەڕی ئێمە نییە!

شەڕەکان کە قورسترین فۆرمی توندوتیژییەکانن، ڕۆژانە لە لایەن نوێنەرانی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوەکانەوە قووڵتر دەکرێنەوە و بەردەوامییان پێدەدەرێت. لە کاتێکدا لە تورکیا لە هەر چوار منداڵ یەکێکیان بە برسی دەچێتە خوێندگا، دایکان زبڵ و خاشاک لە زبڵدانەکان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی خۆراک بدەن بە منداڵەکانیان و ڕێبەر ئاپۆ هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە، ئەو بودجەیەی حکومەتی ئاکەپە بۆ شەڕ تەرخانی دەکات زۆر زیاترە لەوەی کە بۆ ژنان و منداڵان و پەروەردە و تەندروستی تەرخانکراوە. لە شەڕی بەردەوامی غەزەدا هەزاران ژن و منداڵ گیانیان لەدەست دەدەن، هاوکات لەلایەن ئەو پیاوانەی کە بۆ ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان کاردەکەن، تووشی توندوتیژی سێکسی و دەروونی و جەستەیی دەبن.

 

بەهەمان شێوە لە کینیا، ژنان لە کاتێکدا بەدوای سەرەتاییترین پێداویستییەکانیاندا دەگەڕێن، وەک ئاو و خۆراک، دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتەسەر. لە ئابیا یالا، هەرچەندە بە شەڕ ناوزەد ناکرێت، بەڵام ژنان ڕووبەڕووی هێرشی وەک شەڕ دەبنەوە. بە واتایەکی تر، بوون و کار و بژێوی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا خەریکە دەبنە ئامانج و قوربانی ئەو ململانێیە دەسەڵاتەی کە هەژموونی پیاوان بەڕێوەی دەبات. هەموو ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کرێکاران و ستەملێکراوان و ژن و منداڵدا هاتووە و بەردەوامن، کاری ئەم سیستەمە پیاوسالارییەیە. بۆیە بەرەنگاربوونەوە شەڕ واتە پاراستنی بوون و کار و بژێوی و منداڵ و سرووشت و هەوا و ئاو و داهاتوومان. وەک چۆن خەڵکی سوودان کە دەیان هەزار ئاوارە بوون و هەزاران کەسیش کۆمەڵکوژ کراون، دەڵێن "هەر لایەنێک سەربکەوێت ئێمە هەر دەدۆڕێین، ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نییە".

 

لەسەر ئەم بنەمایە بەشداریکردن و بەهێزکردن و ڕێکخستنکردنی پڕۆسەی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوەدەبرێت، چارەسەری زۆرێک لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بە تایبەت لە کوردستان و تورکیا دەکات. هەروەها هۆکاری هەمیشەیی قازانجخوازانی شەڕ و چەتە و مافیاکان کە لەسەر شەڕ و توندوتیژی گەشە دەکەن، لەناو دەبات.

چارەسەری ئەم قەیرانانە لە بونیادنانی پارادایمێکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژناندایە.

 

پێویستە پێش لەو کۆمەڵکوژییە بگرین کە بەناوی خۆشەویستییەوە، ڕۆح و جەستەی ژنان بە ئامانج دەگرێت!

هەموو داتا و تۆمارەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆرجار ژنان لەلایەن ئەو پیاوانەی کە بانگەشەی خۆشویستنیان لێدەکرێت، فریو دەدرێن، ئیستغلال دەکرێن، زەلیل دەکرێن، لێدەدرێن و دەکوژرێن. وەک ژن پێویستە بە جدی بەرەنگاری ئەم ڕاستییەی پیاوان، ئەو درۆ و توندوتیژییەی بەناوی خۆشەویستییەوە دەیشارنەوە، ببنەوە. پێناسەکردنی سیاسەتەکان لەسەر بنەمای ئەوەی کە چۆن دەتوانین ڕێگری لە توندوتیژی جەستەیی و سۆزداری بکەین و ڕوونکردنەوەی پێوانە پەیوەندییەکان، گرنگییەکی زۆری هەیە.

بەم مانایە، بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە، ئێمە وەک ژنان دەبێت لە ڕوانگەیەکی تا ڕادەیەک فراوانترەوە مامەڵە لەگەڵ پاراستنی جەوهەریی خۆمان بکەین. بە زانینی ئەوەی کە ئەو پیاوانەی دەیانەوێت ئێمە بخەنە خوارەوە، شایەنی سڵاوی ئێمە نین، پێویستە پێوەرەکانی خۆمان پەرەپێبدەین و ئەو پێوەرانە لە هەموو کات و لایەنێکی ژیاندا بسەپێنین بەسەر سیستەمی پیاوسالاری باڵادەستدا. ئەو پیاوەی کە نەزانێت قسە لەگەڵ ژن بکات ناتوانێت سۆسیالیست بێت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێوەری مرۆڤایەتی لە شێوازی نزیکبوونەوەی لە ئێمەی ژناندایە. بۆیە پێویستە پێوەرێک دابمەزرێنین بەوەی کە دەبێ هەڤاڵی کام پیاو بین و سڵاو لە کام پیاو بکەین و لە کام پیاو دوور بکەوینەوە، دەبێت پیاوان هان بدەین کە ڕێز لەو پێوەرانە بگرن و قبوڵی بکەن. بە تایبەتی دەبێت ڕێگری لەو کۆمەڵکوژییانە بگرین کە بەناوی خۆشەویستییە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت.

 

وەرن با بە درووشمی "کۆمۆن ژیان دەبەخشێت" لە دژی توندوتیژیی سیستەمی پیاوسالاری بەڕێکخستن ببین و ڕوو لە گۆڕەپانەکان بکەین!

سیستەمی پیاوی باڵادەست هێرش دەکاتە سەر خودی ڕاستی ڕێکخستن و کۆمینبوون، بەڵام سەرەتاییترین فۆرمی پاراستنی کۆمەڵگایە. بۆیە نابێت هیچ ژنێک بە ناڕێکخستن و تەنیا بمێنێتەوە. نابێت هیچ ژنێک لەناو کامپەکان، لە شوێنی کار، لە کێڵگە، لە گەڕەک یان لە گوندەکاندا هەست بە تەنیایی بکات. پێویستە بەشێک بێت لەو کۆمینانەی کە بتوانێت بوونی خۆی تێدا دەرببڕێت و بەرگریی لە خۆی بکات. کۆمین ڕێگای بوونی کۆمەڵگایە، خانەی بنەڕەتییە، بە شێوەیەکی سرووشتی ئازادی و یەکسانی بەرجەستە دەکات و سیمایەکی دیموکراتیکییانەی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە ژنان بتوانن بەپێی پێویستی خۆیان لە بوارەکانی وەک خوێندنەوە و نووسین، گفتوگۆ، وەرزش، هونەر، ئابووری، ڕۆشنبیری، ئیکۆلۆژی، بەرگری و چەندین بواری دیکەدا کۆببنەوە و هەموو ماڵێک بکەنە کۆمین. لەم کۆمینانەدا ژنان دەتوانن باس لەوە بکەن کە چ جۆرە پیاوێک، باوکێک، برا یان هاوڕێیەکیان دەوێت، پێوەرەکان دابنێن بۆ ئەوەی پیاوێک لێیانەوە نزیک بێت. سیستەمی پیاوسالاری، بۆ ئەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ژنان بشکێنێت، بەو درۆیەی کە دەڵێت دوو ژن ناتوانن پێکەوە بژێن، ژنان بەتەنها دەهێڵێتەوە و لە هەموو لایەنێکەوە هێرش دەکاتە سەر ژنانی بەتەنها کرا و دەیناکوژێت. تەنیا لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆمینەکانەوە دەتوانین بەسەر ئەمەدا زاڵ بین و ڕێبازی ئەڵتەرناتیڤی ژیان پەرەپێبدەین.

 

بۆ ئەم مەبەستە لە ٢٥ـی تشرینی دووەمدا:

با هەوڵەکانمان بۆ هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردن لە ئاستی ئاستی سەفەربەریدا پێشبخەین!

با کۆڵان و گۆڕەپانەکان پڕ بکەین لە تێکۆشانمان دژی توندوتیژی! با دەستمان بۆ ئەو ژنان و گەنجانە درێژ بکەین کە تەنها توندوتیژی جەستەیی دەبینن بەڵام ناتوانن ئەو توندوتیژییە ئابووری و دەروونی و ئیکۆلۆژییە بناسن کە تووشی دەبن!

بۆ ئەم مەبەستە با دەستمان بگاتە گەڕەک و خوێندنگا و کامپ و شوێنی کار و گوندەکان! وەرن با ژنان و بەتایبەت گەنجان و هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگا لەسەر ئەم بابەتە، هۆشیار و ڕێکخستن بکەین.

 

کێشەی توندوتیژی لە بنەڕەتدا کێشەی پیاوسالارییە. پێویستە ئەمە ڕوون بکەینەوە و زیاتر باسی بکەین، بەو پێیە پیاوان پەروەردە بکەین و بیانگۆڕین. لە سیمینار و پانێڵەکاندا دەکرێت بابەتگەلێکی وەک ژنی سۆسیالیستی، پیاوی سۆسیالیستی، خانەوادەی سۆسیالیستی و پێکەوەژیانی ئازاد بخرێتە بەر باس و لە پلاتفۆرمە وتووێژانەدا، بەم شێوەیە پێوەرەکانی ژیانی ئازاد پەرەی پێبدرێت.

 

لەسەر ئەم بنەمایە، وەک کەژەکە، داوا لە هەموو ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، لەم ماوەیەی ٢٥ـی تشرینی دووەمدا توندوتیژیی پیاوانی دەوڵەت ئاشکرا بکەن و بە ڕۆحێکی سەفەربەرییەوە هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستن و پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەی بەرفراوانتر بکەن.

 

وەک ژنانی ئەفغانستان دەیانوت "ئەم قۆناغە تاریکە ڕووناکی ژنانیش زیاد دەکات. بەرخۆدانی ژنانی نیشان دا کە دوژمن نەک تەنیا لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە ئەفغانستانیش دەتواندرێت تێکبشکێنرێت". جارێکی تریش ئاشكرا دەبێت کە کاتێک ژنان شان بە شان وەستاون، هیچ بەربەستێک نییە کە نەتوانرێت بشکێنرێت، هیچ سەختییەک نییە کە نەتوانرێت تێپەڕێنرێت. بۆیە با شان بە شانی یەکتر بووەستین و ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بنیات بنێین! با لە هەموو شوێنێک دژی توندوتیژی خۆمان بەڕێکخستن بکەین و بڵێین.