کەژەکە: هێزمان بۆ مسۆگەرکردنی ستاتۆ و ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ دەخەینەگەڕ

کەژەکە دەڵێت: ئەرکی سەرەکیمانە ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادییە جەستەییەکەیەتی مسۆگەر بکەین، لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبینەوە. پێویستە تێکۆشانمان لە دەوری ستاتۆ و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەینە یەک و تا سەرکەوتن پەرە بە تێکۆشانمان دەدەین.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" لە سۆنگەی پێویستییە ئێستاییەکانی پرۆسەکەوە، لە ڕاگەیاندراوێکدا، جەختی کردەوە لە دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئیمراڵی و بەفەرمی ناساندنی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەکەدا و لەم ڕووەوە گوتی: "وەکو کەژەکە سیاسەتەکانی دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکان بۆ سەرقاڵکردن و تێکدان، هەروەها ئەو نزیکایەتییانەی کە بێ‌ستاتۆی دەسەپێنن، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین. جارێکی دیکە هۆشداری دەدەین کە پێداگری لەم هەڵویستانەدا، ڕێگە لەبەردەم بێ چارەسەریی و توندوتیژیدا دەکاتەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەم شێوەیە:

لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کوردستان و تورکیا پرۆسەیەکەی بەرفراوان و خێرا لە ئارادایە. لە کات و ساتێکداین کە دەتوانێت چارەنووسی سەدساڵی ژنان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری بکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە بووە بە گۆڕەپانی ئاگر و هەر بستێکی گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی مین، پێویستی بنەڕەتی دەوڵەتان و گەلان ئەوەیە بڕیاری درووست بدەن و هەنگاوی درووست بگرنەبەر.

 

لە کاتێکدا زلهێزە ئیمپرالییەکان دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوین داڕێژنەوە، لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە گەلانی ئەم جوگرافیایە و هێزە ئیدارییەکانیان لە ئافراندنی هاوپەیمانی مێژووییدا بڕیاری مێژوویی بدەن. هەر لایەک بە درووست سۆسۆلۆژیای مێژووی هەڵسەنگێنێت و هاوپەیمانی درووست بکات، ئەوا لەم قۆناغەدا سەرکەوتنی مسۆگەرە.

 

ئەم ڕاستییە گەلی کوردیش دەگرێتەوە، بەڵام زیاتر گەلانی تورکیا دەگرێتەوە. لە ئێستادا ڕێبەر ئاپۆ لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەدواوە برەوی بە پرۆسەیەک داوە کە پەیوەندی کورد-تورک لە ئاستی دابڕان و دووژمنایەتییەوە گۆڕا بۆ سەر زەمینەی ئاشتی، خوشک-برایەتی. ئەم پرۆسەیە ساڵ و نیوێکی بەسەردا تێپەڕی، لەم ماوەیەدا ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان هەنگاوی مێژوویی گرتەبەر. لە لایەن دەوڵەتیشەوە جگە لە قسە، تاکە هەنگاوێک کە نرابێت کۆمسیۆنی پەرلەمان بوو کە بە کۆمەڵێک ڕەخنەوە دامەزرا. کۆمیسیۆن ڕاپۆرتەکەی خۆی پێشکەشی پەرلەمان کرد، بەڵام لە بابەتی یاسا و هەنگاوی یاساییدا، ئەوەی پێویست بوو بکرێت، وا چەندین مانگە هەنگاوێک نەنراوە. لەم بابەتەدا ڕێبەر ئاپۆ چەندین چوارچێوەی ئاسانکاری  و چارەسەری پێشكەش کرد، بە تایبەت وەک دانووستانکاری سەرەکی و جێبەجێکاری سیاسەت دەتوانێت بە ڕۆڵی خۆی هەستێت، بەڵام لەم ئاستەدا کۆبوونەوەکان ڕاوەستێندراون.

 

سەدەی ڕابردووی کۆماری تورکیا بە ئاڕاستەی نکۆڵی و لەناوبردنی کورد تێپەڕی. بێناسنامەکردنی کورد ستاتۆیەک، سیاسەتێک و شێوازێکی ژیانی لەگەڵ خۆیدا هێنا. هەر خۆی کارەکتەری تاکپەرست، فاشیست، دژە-دیموکراتیک و سیستەمی دەستووری کۆمار پشت بەمە دەبەستێت، سەرچاوەکەی ئەمەیە. لە کاتێکدا کە ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە دەنا و درێژەی بە سیاسەت دەدا، دروست لە کاتی بەرجەستەبوونی چارەسەریدا دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ڕاگیران. ئەمە مامەڵەیەکی زۆر مەترسیدارە. سەرەڕای ئەوەی کە لە ٢٧ـی ئادارەوە هیچ دیدارێک ئەنجامنەدراوە و بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ وەرنەگیراوە، لە سیاسەتی تورکیادا ڕۆژەڤێکی تایبەت بە ستاتۆ و هەماهەنگی هاتووەتە کایەوە. دەسەڵاتی ئاکەپە پێداگرانە دەڵێت کە ئەم پرۆسەیە کۆتایی نەهاتووە، سەرکەوتووانە بەڕێوەدەچێت. ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بڕوانین، دەبینین کە هیچ پرۆسەیەک بەڕێوەناچێت، پرۆسەکە وەستاوە و کۆتایی پێهاتووە. تاوەکو دیدار لەگەڵ دانوستانکاری سەرەکیمان ڕێبەر ئاپۆ نەکرێت، تاوەکو بەشداری نەکات سەبارەت بە ستاتۆ و بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ئایا چۆن دەشێت بگوترێت کە پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت؟

دەسەڵاتی ئاکەپە نە دەیەوێت پرس و بێ ستاتۆیی سەدساڵی ڕابردووی کورد چارەسەر بکات، نە دەشیەوێت لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەنووکەیی ناوچەکەدا شەڕێک ڕووبدات. لەبەرئەوە تا دەتوانێت هەوڵدەدات پرۆسەکە بۆ کات جێبێڵێت، سەرقاڵی دروستبکات و لە ڕێی سەرقاڵکردنەوە هێزی تێکۆشان لاواز بکات، هەر بۆیە درێژە بە سیاسەتی تەسفیەکردن دەدات. هەر بۆیە دروست لە کاتی بەرجەستەکردنی چارەسەریدا دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ڕادەگرێت، لێدوانی تاکلایەنەی دوور لە ڕاستی دەدات. لە لایەکی ترەوە سەیری ڕووداوەکانی ناوچەکە دەکات و هەوڵدەدات بەو پێیە بڕیار بدات. بێگومان ئەمە سیاسەتێکی زۆر هەڵە و مەترسیدارە. لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و مینڕێژکراو، بڕیاری ستراتیژی لەسەر مژاری هاوپەیمانی لەگەڵ کورد و هەنگاونانی جددی لەم بابەتەدا، هەم لە تورکیا و هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتنی زۆر مێژوویی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش ناچارە سیاسەتێک پەیڕەو بکات کە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکاتە ئامانج، وەکو دانوستانکاری سەرەکی و جێبەجێکاری سیاسەت دانی پێدا بنێت. ڕێبەر ئاپۆ نوێنەر و ڕێبەری گەلی کوردە، داننان بە ستاتۆی ئەودا بێگومان بە مانای داننانە بە ستاتۆی کورددا. ئەمە بۆ ئێمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. مەحاڵە پاشەکشە لەم بابەتە بکەین.

 

پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ، بەڵام هەلومەرجی گۆشەگیرییەکی توند بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا دەسەپێنرێت، ئێمە ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین. ئەمەش بە مانای قووڵکردنەوە و گەشەپێدانی بێچارەسەرییە. ئەمەش بە مانای بەردەوامبوونی قڕکردنە کە ماوەی سەد ساڵە بەسەر گەلی کورددا دەسەپێنرێت. ئاشکرایە کە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاشتی، خوشک-برایەتی و دیموکراسییەوە نییە.

 

دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت، دەبێت دەست لەو سیاسەتانە هەڵبگیرێت کە پرۆسەکە پەکدەخەن و ئاڕاستەکەی بەرەو ڕێگەی مەترسیدار دەبەن. لەسەر ئەم بنەمایە، دەبێت بەپەلە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دەستپێبکاتەوە، سیاسەت بەڕێوەبچێت، مەرجەکانی پەرەپێدانی چارەسەری بەدیبێن و ستاتۆی ئەو لەسەر بنەمای دیموکراسی فەرمیبوون ڕوون بکرێتەوە.

 

وەکو کەژەکە سیاسەتەکانی دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکان بۆ سەرقاڵکردن و تێکدان، هەروەها ئەو نزیکایەتییانەی کە بێ‌ستاتۆی دەسەپێنن، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین. جارێکی دیکە هۆشداری دەدەین کە پێداگری لەم شتەدا، ڕێگە لەبەردەم بێچارەسەریی و توندوتیژیدا دەکاتەوە.

 

لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەداین؛ زۆر گرنگە گەلی وڵاتپارێزمان، ژنان، دایکان، کچانی گەنج و سەرجەم هەڤاڵان و هێزە دیموکراتیک، سۆسیالیست، فێمینیست و ئیکۆلۆژیستەکان کە لایەنگری چارەسەرین، وەک هێزی چارەسەری هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. ئەو لایەنەی کە چارەسەری و ئاشتی دەهێنێتە ئاراوە، گەل و ژنانن.

 

ئەرکی سەرشانمانە کە مەترسییەکانی ئەم پرۆسەیە و پلانی پشت پەردەکە بە درووستی تێبگەین، بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەین و ئازادیی جەستەیی و ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ بەدیبهێنین. ئێستا قۆناغێکی زۆر مەترسیدارە. بانگەواز دەکەین لە هەمووان بە شێوازێکی هەستیار لەم پرۆسەیە تێبگەن، گۆشەگیری و بێچارەسەری سەپێنراو تێکبشکێنن، چالاکییەکان بۆ نیشاندانی هەڵوێستی دیموکراتیانە بە شێوەیەکی کاریگەر پەرە پێبدەن. با لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ کۆببینەوە، بۆ ئازادی و ستاتۆی ئەو هێزی تێکۆشانمان یەکبخەین و سەرکەوتن بەدەستبهێنین