کەژەکە: با بە ڕوحی سەفەربەری تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ فراوان بکەین

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" لە ڕاگەیاندراوێکدا لە ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ـی شوبات، بانگەوازی بۆ تەواوی گەل کرد تاوەکو بە ڕوحی سەفەربەری بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێبکۆشن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە"دا هاتووە: "بە تێکۆشان و بەرخۆدانێکی گەورەی بێوێنەوە دەچینە ناو ٢٨ـهەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ کە لە کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆدا دژی گەلی کورد، ژنان و گەلانی بندەست داڕێژرا.

 

 بەر لە هەر شتێک، بە پێزانینەوە شەهیدانی هەڵمەتی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن' بەبیردەهێنینەوە کە بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵان خالید ئۆراڵ، ئاینور ئارتان و سەلامەت مەنتەش، بازنەیەک لە ئاگریان بە دەوری ڕێبەرێتیدا دروستکرد تاوەکو ببنە ڕێگر لەبەردەم پیلانگێڕیی کۆمەڵکوژی و بەڵێنی خۆمان بۆ هێنانەدیی خەیاڵەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

 

لە بەردەوامیی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ڕێبەر ئاپۆ لە بەرانبەر پیلانگێڕیی هێزە نێونەتەوەییەکان، ٢٧ ساڵ تێکۆشان و بەرخۆدانێکی بێوێنەی بەڕێوەبرد. ئەم ڕۆژە ڕەشە کە لە مێژوودا وەک پیلانگێڕیی کۆمەڵکوژی تۆمارکراوە، ئەو کردی بە ڕۆژی لەدایکبوونی ژیانێکی نوێ لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان. ڕاستیی ڕێبەرێتیی کۆلەکتیڤ و عەقڵی گەلی کوردی ئافراند و لە مێژوودا زیادیکرد. ئەو تێکۆشانەی ئازادیخوازیی ئێمە کە نیازی تەسفیەکردنییان هەبوو، بە ڕێکارە ئایدۆلۆژی، فەلسەفی، زانستی و پارادایمییەکانی ڕێبەر ئاپۆ جیهانی بووە و لە ناوجەرگەی تاریکیدا، بووەتە ڕووناکییەک بۆ دووبارە لەدایکبوونەوەی مرۆڤایەتی.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکەدا ئاماژە بەم خاڵانە کراوە:

"لە سەرووی هەمووانەوە ژنان و گەنجان، بە بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلەکەمان و دۆستانمان کە ماوەی ٢٧ ساڵە لە دەوری ڕێبەرێتیمان کۆبوونەتەوە و بە فەلسەفەی 'ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادیی ئێمەیە' ژیان، بە زیندوویی هێشتیانەوە و بانگەوازیان بۆ هەموو جیهان کرد، پیلانگێڕییەکە پووچەڵکرایەوە.

 

بەڵام لە بەرانبەر ئەم بەرخۆدان و ژیانەوەیەدا، پیلانگێڕیی ١٥ـی شوبات خۆی نوێدەکاتەوە و بەردەوامی بە خۆی دەدات. هەوڵەکانی ڕێبەرێتی کە ماوەی ٢٧ ساڵە بۆ چارەسەریی دیموکراتیک و ئاشتییەکی شکۆمەند لە هەلومەرجی گۆشەگیریی ئیمراڵیدا دەیدات، هەمیشە ڕووبەڕووی پیلانگێڕی بووەتەوە. لە بەرانبەر کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ ڕێبەرێتی لە ژێر ناوی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' لە سەرانسەری جیهان، هێزە پیلانگێڕەکان و میکانیزمەکانی کودەتا، گەڕی دووەمی پیلانگێڕییەکەیان خستەگەڕ. گەڕی دووەمی پیلانگێڕییەکە لە حەلەب دەستی پێکرد و هێشتا بەردەوامە، بەها مرۆییە بەرهەمهاتووەکان لە ڕێی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا، فەلسەفەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆمۆناڵ و پێکەوەژیانی گەلانی کردووەتە ئامانج کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە. ئەوان دەیانەوێت لە دژی تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادیی ژنان بە دامەزراندنی ڕژێمە تیرۆریستییەکان و دژە ژنەکان و هاوشێوەی مۆنارشییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی وەکو داعش، تالیبان، دەستەی تەحریر-شام "هەتەشە" ببنە ئاستەنگ.

 

ئامانجی ئەوان لە دابەشکردنی وزە لە نێوان  هێزە پیاوسالار و داگیرکەرەکاندا، بەکۆیلەکردنی گەلانە لە کەسایەتیی ژناندا. ئەم پیلانگێڕییە مەبەست لێی تەنها تەسفیەکردنی کورد و دەستەکەوتەکانی شۆڕشمان نییە، بەڵکوو لەناوبردنی ئەو هیوایەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی لە سەرووی هەمووانەوە تورکیایە، کە لەگەڵ بانگەوازی ٢٧ـی شوبات هاتووەتە ئاراوە. ڕێبەر ئاپۆ لە دژی ئەم هێرشانە لە ڕێی ئەو دیدگای چارەسەرییەی پەرەی پێداوە، لەبەردەم هێنانەدیی ئامانجی پیلانگێڕییەکە و کۆمەڵکوژییەکە بووەتە ڕێگر. گەلەکەمان لە چوار بەشی کوردستان مەترسیی پیلانگێڕییەکە و کۆمەڵکوژییەکەی بینیوە و بە ڕوحی یەکێتیی نەتەوەیی و زیهنییەتی نەتەوەی دیموکراتیک لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ و شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا کۆبووەتەوە و بووەتە وەڵامدەرەوە. ئێمە ئەم بەرخۆدانە دژی پیلانگێڕییەکە بە پێشەنگایەتیی شەڕڤانانی یەپەژە، ئەو شەڕڤانانەی شکۆی مرۆڤایەتی دەپارێزن، گەلەکەمان کە لە شەقامەکانی ڕۆژئاوا فەلسەفەی ڕێبەرێتی دەپارێزن، هەموو ئەو ژنانەی کە باوەڕیان بە نەتەوەی دیموکراتیک و ژیانی ئازادی ژنان هەیە و دۆستانمان سڵاودەکەین. دووبارە لە کەسایەتیی شەهیدانی مەزن و نوێنەرانی کۆتایی هێڵی بەرخۆدان هاوڕێ شەهید زیاد، شەهید دەنیز، شەهید ئەحمەد هێمندا، شەهیدانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بەبیردەهێنینەوە.

 

لە میانەی چوونە ناو ٢٨ـهەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ـی شوبات لە دژی دووەمین پیلانگێڕیی ١٥ـی شوبات، بانگەواز بۆ هەموو گەلەکەمان دەکەین کە بە ڕوحی سەفەربەریی مەزنەوە تێبکۆشن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتی. کۆتاییهێنان بە سیاسەتەکانی پیلانگێڕیی و کۆمەڵکوژییەکان لە ٢٨ـهەمین ساڵدا، بە ئازادی جەسەتەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕوودەدات. هاتنەدیی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ کە لەگەڵ 'ئازادیی ڕێبەرێتی، ئازادیی ئێمەیە' گرێدراوی ژیانی ئازادی هەموو گەلان و ژنان ژیانەوە دەهێنێتە دی و ئەمەش پیلانگێڕییە ١٥ـی شوباتەکان پووچەڵدەکاتەوە. جێبەجێکردنی مەرجەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەیە.

 

سەبارەت بەمە بانگەواز بۆ هەموو ژنان دەکەین کە بەشداری لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆناڵی دیموکراتیک و سەفەربەریی دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا بکەن.