زیاتر لە نیوەی ژنانی بواری زانست ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی بوونەتەوە

توێژینەوەیەک کە زیاتر لە ٥ هەزار توێژەر لە سەرانسەری ١١٧ وڵاتدا بەشدارییان تیادا کردووە، دەستنیشانی هەراسانکردنی سێکسی ژنانی کردووە کە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ئاماژەیان بەوەداوە کە زۆربەی هەراسانکردنەکان لە سەرەتای کارکردنیان ڕوویداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە نیوەی ژنانی توێژەر و زانا لە جیهاندا لە ماوەی کارکردنیاندا لە شوێنێکدا بوونەتە قوربانی دەستدرێژی سێکسی لە شوێنی کارکردنەکانیان، لە ڕاپرسییەکەدا کە زیاتر لە ٥ هەزار توێژەر لە سەرانسەری ١١٧ وڵات بەشداربوون تیایدا، ٪٤٩ ژنە زانا و توێژەرەکان ڕایانگەیاندووە کە لەسەر ئاستی ئەزموونی کەسی زیاتر لە جارێک ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسی بوونەتەوە لە شوێنی کارکردنیان.

 

نزیکەی نیوەی حاڵەتەکان دوای سەرهەڵدانی کەمپەینی #MeToo ڕوویداوە لە دوای ساڵی ٢٠١٧، بەپێی ڕاپرسییەکە کە لەلایەن کۆمپانیای ڕاپرسیی ئیپسۆسەوە ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا بۆ ٪٦٥ ئەو ژنانە هەراسانکردنەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پیشەکەیان هەبووە، بەڵام تەنها یەک لە هەر پێنج قوربانییەکان ڕاپۆرتی هەراسانکردنەکەیان بۆ دامەزراوەکەیان داوە و ئەوانی دیکە بە بێدەنگی ماونەتەوە یان شوێنی کارەکانیان بەجێهێشتووە، ئەو ژنانەی بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردووە و وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و بیرکاری لە زیاتر لە ٥٠ دامەزراوەی گشتی و تایبەت لە سەرانسەری جیهان کاریان کردووە.

 

نزیکەی یەک لەسەر سێی بەشداربووان وتوویانە کە لە دۆخێکدا بوون کە کەسێک بە شێوەیەکی نەگونجاو و دووبارە و سێ بارە بە چەندین نازناوی گاڵتە ئامێز بانگیان کردوون وەک کچۆڵە، بووکەڵە، کۆرپە یان جوجکە، یان بە شێوەیەکی تر سووکایەتییان پێکراوە.

 

هەروەها لە ڕاپرسییەکەدا هاتووە، ٪٢٤ بەشداربووان ڕایانگەیاندووە، کە لەلایەن پیاوانەوە پرسیاری تایبەت و دەستێوەردان لە ژیانی کەسیان و دووبارەبووەتەوە و داوای پەیوەندی سێکسیان لێکراوە کە ئەمەش وایلێکردوون هەست بە بێزاری بکەن و زۆرینەی هەراسانکردنەکان لە سەرەتای کارکردنی قوربانییەکان ڕوویداوە.

 

زیاتر لە نیوەی بەشداربووانی توێژینەوەکە ڕایانگەیاندووە کە خۆیان لە هەندێک ئەندامی ستافی ڕێکخراوەکانیان بەدوور گرتووە، لە کاتێکدا یەک لە پێنج کەسیان وتویانە کە هەستیان بە نائارامی کردووە لە شوێنی کارەکەیان، نزیکەی ٪٦٥ بەشداربووان وتوویانە کە بەشی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئازاردانی سێکسی لە شوێنی کاردا ناکرێت.

 

چالاکوانان و ژنان، ڕێکخراوەکان و دەزگاکان داوایان لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان و توێژینەوەکان کردووە سیاسەت و هەنگاوی پێویست سەبارەت بە هەراسانکردنی سێکسی ژنان بگرنەبەر و پابەندبوون بە بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بگرنەئەستۆ، ئاماژە بەوەشکراوە، تەنها ٪٣٣ توێژەرانی زانستی لە جیهاندا ژنن و تەنها ٪٤ براوەی خەڵاتی نۆبڵی زانستیش لە ڕەگەزی مێ بوون.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرزکردنەوەی توانای ژنان لە کار و توێژینەوەدا کە بە تەواوی لێهاتووییەکانیان بەکاربهێنن، پێویستی بە هەبوونی سەلامەتی لە شوێنی کار هەیە.