زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ پۆلیس تۆمەتبارن بە توندوتیژی دژی ژنان

ئامارەکانی بەریتانیا و وێڵز باسیان لەوەکردووە کە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ پۆلیس لە ماوەی شەش مانگدا بە توندوتیژی دژی ژنان تۆمەتبارکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئامارەکانی ٦ مانگی بەریتانیا و وێڵز باسیان لەوەکردووە کە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ پۆلیس بە توندوتیژی دژی ژنان تۆمەتبارکراون، بەڵام هەر بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی نیشتمانی پۆلیس،لە کۆی ئەو دۆسیانەی کە یەکلایی کراونەتەوە، تەنیا ١٣ کەسیان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، لە ڕاپۆەرتەکەدا ئاماژە بەو تاوانانە کراوە کە لەلایەن پۆلیسەکانەوە ئەنجامدراوە و لە دەستدرێژی سێکسییەوە تاوانەکان دەستی پێکردووە تا بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەفسەرەکانەوە لە کاتی دەستگیرکردن.

 

جێگری سەرۆکی پۆلیس ماگی بلایس، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد و بەهێز ئەنجامبدرێت بۆئەوەی ئەو کەسانەی کە لەناو ڕێکخراو و هێزەکانی پۆلیسدا کاردەکەن و تۆمەتبارن لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان لە کارەکانیان دووربخرێنەوە و سزابدرێن.

 

بە پێی ئامارەکان لە ماوەی شەش مانگ تا مانگی ئاداری ساڵی  ٢٠٢٢، لەلایەن خەڵکی گشتییەوە ٥٢٤ سکاڵا ئەنجامدراوە کە پەیوەندییان بە توندوتیژیەوە هەبووە لەلایەن ٨٦٧ ئەفسەرەوە، لەو ژمارەیەش ٢٩٠ حاڵەت یەکلایی کراوەتەوە و لە هەر ١٠ حاڵەتێک نۆ حاڵەت هیچ تۆمەتبارێک لەسەر کەیسەکە دەستگیرنەکراوە و بە دواداچوون بۆی وەستێنراوە.

 

هەر لەو ماوەیەدا ٦٧٢ ئەفسەری پۆلیس و کارمەندانی دیکە لەلایەن هاوکارەکانیانەوە ڕاپۆرتیان لەسەر دراوە، تا ئێستا ١٦٧ کەیس مامەڵەیان لەگەڵ کراوە  و، لەم ژمارەیە، لە هەر ١٠ کەیس حەوت کەیسیان بەبێ ئەنجام ماوەتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر لە ئامارەکان زیاتربن، بەڵام بەهۆی ڕاپۆرت نەدان لەلایەن کارمەندانی پۆلیسەوە، نادروستی و ناتەبایی لە کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە سەرانسەری هێزەکاندا هەیە.

 

هەموو هێزەکانی پۆلیس لە بەریتانیا و وێڵز بە پۆلیسی گواستنەوەی بەریتانیاشەوە، ٪٠،٧ ی کۆی هێزەکانی پۆلیس پێکدەهێنن کە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراو بوون.

 

ژنێک باسی لە دۆسیەکەی خۆی کردووە، کە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەفسەرێک کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی پۆلیس نەیتوانیووە بە تەواوی لێکۆڵینەوە بکات لەو توندوتیژیە خێزانیانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە و ئەمەش متمانەی بە هێزەکانی پۆلیس لەناوبردووە.

 

لە ماوەی شەش مانگ تا ئاداری ساڵی ٢٠٢٢، ئامارەکان ئەوەیان نیشانداوە  کە ٤٤٧ هەزار و ٤٣١ تاوانی دەستدرێژی خێزانی تۆمارکراون و بە گشتی زیاتر لە  ٥٠٧ هەزار و ٨٢٧ تاوانی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدراوە.

 

هاوشێوەی تاوانەکانی دیکە، تەنها ٪٦ی ئەمانە تۆمەتبارەکان دەستنیشانکراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکان ئەنجام دراوە.