کژار شەپۆلە سەرکوتکارییەکانی تاڵیبانی دژ بە ژنان شەرمەزار کرد
کژار سەرکوتکارییە سیستەماتیکییەکانی تاڵیبان و دەسەڵاتی ئێرانی بۆ سەر ژنان شەرمەزا کردو وێڕای بانگەوازی بۆ تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی ئەفغانستان، وتی: ئەوەی لەمڕۆدا لە ئێران و ئەفغانستان ڕوودەدات، دوو ڕووی یەک دراوەو سەرچاوەکەی تێڕوانینی پیاوسالارانەیە.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ڕاگەیاندراوێکدا سەرکوتکاریی و ستەمەکانی سەر ژنان لە ناوچەکە و بە تایبەت لە ئەڤغانستان شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەدا، دەسەڵاتی پیاوسالاری و دەوڵەت-نەتەوە لە ئەنجامی ترسیان بەرانبەر بە هێزی ژنان لە هەموو جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەک تا بگات بە لەسێدارەدان دژ بە ژنان بە گەڕخستووە.
ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەم جۆرەیە:
"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ لە یەکێک لە هەستیارترین، قەیراناویترین و چارەنووسسازترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدایە؛ سیاسەتی شەڕخوازانەی دەوڵەت-نەتەوەکان دژ بە کۆمەڵگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژێک فراوانتر دەبێت. لە ناوەڕاستی ئەم ئاڵۆزییە مێژووییەدا، هێزە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەتی «ژنان»، هەستیارترین، ستراتیژیترین و کاریگەرترین گۆڕاوی سیاسیی ناوچەکەن و وەک هێزی جوڵێنەری گۆڕانکاری دەردەکەون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئێمە شایەتی هێرشەکانی ڕێژیمی تاڵیبان دژ بە ژنان لە ئەفغانستان بووین؛ هێرشانێک کە ماوەیەکی درێژە بە شێوەیەکی بەردەوام تا ئێستاش درێژەیان هەیە. بە گوێرەی سیاسەتەکانی سیستەمی پیاوسالار، شیکردنەوەی ئەم هێرشانە زۆر دژوار نییە. چونکە ترسی هاوبەشی تاڵیبان و دەسەڵاتی حاکم لە ئێران، ترس لەو ژنەیە کە بیر دەکاتەوە، دەنووسێت، داواکاری دەکات و ڕابەرایەتی کۆمەڵگە بەدەست دەگرێت.
لە لایەک لە ئەفغانستان هەوڵ دەدرێت ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان بسڕدرێنەوە، لە لایەکی دیکەشەوە لە ئێران ژمارەی سێدارەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەبێت. هەردوو ڕێژیم مانەوەی ئایدیۆلۆژیی خۆیان بە کۆنترۆڵکردن، سەرکوتکردن و لەناوبردنی ژن گرێداوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران و ئەفغانستان ڕوودەدات، دوو ڕووی یەک دراوە و لە هەمان مێشکی پیاوسالارانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ساڵانێکە پرسی ئازادیی ژنان و گەیشتنیان بە مافە سەرەتاییەکان وەک مافی نان و کار لە دۆکتڕینی ئەمنی، بووەتە هەڕەشەیەک بۆ ڕێژیمی تاڵیبان. هەر بۆیەشە لە ئەفغانستان دەروازەی قوتابخانە و زانکۆکان بە ڕووی کچاندا دادەخرێت، مافی کارکردنیان لێ دەسەنرێت و تەنانەت دەنگی ژن لە بوارە گشتییەکاندا بە تاوان دادەنرێت؛ هەوڵێکی سیستەماتیکە بۆ نەبینین و لەناوبردنی هێزی پێشەنگی کۆمەڵگە.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم هەژموونێتی سەرکوتەدا، ئەوەی لە ناخی کۆمەڵگەی ئێران و ئەفغانستان ڕوویداوە، جۆرێک لە بازدانێکی ئایدیۆلۆژیی بەرامبەرە لەلایەن ژنانەوە. درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "نان، کار، ئازادی" تەنها داواکاریی خۆشگوزەرانی یان سیاسیی کاتی نین؛ بەڵکو ئەم درووشمانە مانیفێستێکی فکریی نوێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم فەلسەفە نوێیە بەها بنەڕەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نوێوە پێناسە دەکات. لەبەر ئەوە دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە ژن، نەک تەنها لە پەراوێزی ژیان، بەڵکو ناوەندی سەرەکیی دووبارە بەرهەمهێنانی کولتوور، هۆشیاری و ئازادییە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. ئەوەش کە ئێستا ڕوودەدات، بەرهەمی بەرخودانێکی چەندین ساڵەی ژنانە لە بەرامبەر ئەو بیرکردنەوە تاریک و سڕینەوەخوازە.
لە کۆتاییدا، وەک کژار، هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی دۆگماتیکی و سیاسەتە دژەمرۆڤانەکانی ڕێژیمی تاڵیبان دژ بە چالاکی و بەشداریی ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا شەرمەزار دەکەین. هەروەها ڕایدەگەیەنین کە پرسی ژنانی ئەفغانستان سنووری جوگرافی ناناسێت. لەبەر ئەوە بانگەواز لە هێزە ئازادیخوازەکان و بە تایبەتی ژنە چالاکەکان دەکەین کە هەموومان دەنگی ژنانی ئەفغانستان بین.
بژی خەبات و چالاکیی ژنانی ئەفغانستان
بژی هاوپشتی و یەکگرتوویی ژنان
ژن، ژیان، ئازادی."