کژار دەستگیرکرانی چالاکوانی شەرمەزار کرد
کژار لە ڕاگەیەننراوێکدا هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیشەرمەزار کردو پشتیوانی خۆی بۆ چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی ئێرانی دەربڕی.
ناوەندی هەواڵ
هەفتەی ڕابردوو تەرمی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردی تەمەن ٤٦ ساڵ لە نوسینگەکەی دۆزرایەوە و بنەماڵەکەی وتیان، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە شوێنەکەدا گرتووە، بەو هۆیەوە چالاکوانان لە مەراسیمەکەیدا بەشداریان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە چالاکوانان و هاوڵاتییان دەستگیر کران.
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" سەبارەت بە دەستگیرکردنی چالاکوانانی ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەدرێژایی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی چالاکیان هەبووە و هەر بەو هۆیەشەوە لە کاتی جیاجیادا ڕووبەڕووی کۆتوبەند و فشاری ئەمنی بوونەتەوە، هەروەها ئەم ڕێوشوێنانە بەتایبەتی دژی ژنانی چالاک لە بوارە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکاندا جێبەجێ دەکرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە مەراسیمی خەسرەو عەلی کوردی بەشێک لە بەشداربووان و چالاکوانانی ژن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا ڕووبەڕووی پێکدادان بوونەوە و دەستگیر کراون، ئەو کارانە لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی حکومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندان و چالاکییە ڕەخنەگرەکان هەڵسەنگێنراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە نێرگس محەمەدی، هەستی ئەمیری و سپیدە قولیان کردووە کە وەک چالاکوانان ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا کژار جەختی لە پێویستی هاوخەباتی و هاوکاری نێوان ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردەوە، بە مەبەستی بەدواداچوونی مافە کۆمەڵایەتی و یاسایی و مەدەنییەکان و داوای بەردەوامی چالاکییە هاوبەشەکانی کرد لەم بوارەدا.